ئێران یەكەم وەجبەی هاوكاریی گەیاندە قەتەر

كۆماری ئیسلامی ئێران فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ڕەوانەی قەتەر كردووە كە كەلوپەلی پێویستی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە تا لە تەنگژەی كەمی خۆراك ڕزگاری ببێت.

كەناڵی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی لە تویتەری فەرمی خۆی بڵاوی كردەوە، كە ئێران یەكەم فڕۆكەیەكی بارهەڵگری پڕ لە خۆراك و ئاوی گەیاندە وڵاتی قەتەر، بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە كاتێكدایە پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە دەوحە داوای لە ئێران و توركیا كردووە لە ڕووی كەلوپەلی خۆراك و ئاوەوە بە پەلە كۆمەكی بە قەتەر بگەیەنن.

دەوحە مەترسی زۆری هەبوو كە تووشی تەنگژەی كەمی خۆراك و ئاو ببێتەوە و خەڵكی وڵاتەكەی ناڕەزایی و نیگەرانی لەوبارەوە دەرببڕن و بێنە سەر شەقامەكان، بەڵام بە گەیشتنی كۆمەكی ئێران بۆ ئەو وڵاتە، لەو مەترسییەش رزگاری دەبێت.

بەرپرسێكی حكوومەتی قەتەر بە "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، تا چوار هەفتەی تر گەنم و دانەوێڵەیییەكان لە بازاڕەكانی قەتەر دەمێنن و تووشی كەمی و نەبوونی لەو ڕووەوە نابینەوە.

ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات و میسر و بەحرێن دواتریش لیبیا و یەمەن و مۆریتانیا تەواوی پێوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتی قەتەر پچڕاند، بەهۆی هەماهەنگی و پێوەندی دەوحە لەگەڵ ئێران و پشتیوانی لە داعش‌و ئەلقاعیدە.



PM:02:41:08/06/2017