رای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیانوایە، دوای تێکشکانی داعش بەرپرسانی هەرێم و عێراق دەتوانن گفتوگۆ بکەن لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمەوە.

هیزەر نوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا کە کەناڵی nrt لە زاری پەیامنێرەکەیانەوە کە بەشداربووە لە کۆنفرانسەکەدا بڵاویکردۆتەوە  "پرسی سەربەخۆیی پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام کاری لەپێشنەمان ئەوەیە کە پێویستە سەرەتا داعش تێکبشکێنین".

هیزەر نوێرت، ئاماژەی بەوەش کردووە" ئەوان دۆستیان لە هەرێم و حکومەتی عێراقیش هەیە و پێیان وایە دوای تێکشکانی داعش، سەربەخۆیی پرسێکە کە بەرپرسانی هەردوولا دەتوانن باسی بکەن".

هەر لە کۆنفرانسەکەدا ناوبراو وتیشی "ئێمە لە خەونی ڕەوای گەلی کورد تێدەگەین و ڕێزی لێدەگرین، بەڵام ئێمە پشتگیری یەکپارچەیی خاکی عێراقێکی دیموکرات دەکەین".

لدرێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت"ئەوان لە ئێستادا خاڵی لە پێشینەیان ئەوەیە، جەنگی ڕوبەڕوبوونەوەی داعش کۆتایی بێت و ئارامی لە عێراقدا بەدیبهێنرێت و دۆخی ئابووری بەرەو باشتر ببرێت، ئەوەشیان بە سەرکردەکانی کورد وتووە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی، هانی بەرپرسانی کوردیان داوە بۆئەوەی ئاڵۆزی و کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا چارەسەر بکەن.

بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم رۆژی ٧ ی حوزەیران بێ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە.





ئه‌م بابه‌ته 1322 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:14:09/06/2017