زانیاریەكی گرنگ لەسەر كاتی ڕیفراندۆم ئاشكرا دەبێت

ڕۆژی 25ی ئەیلول بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستنیشانكرا و بە وتەی بەرپرسێكی تەڤگەری ئازادیش ئەو ڕۆژە هاوكاتە لەگەڵ یەكەم ڕۆژی‌ لەشكركێشی‌ توركیا بۆسەر خاكی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

لەكۆبونەوەی‌ بارزانی‌ و لایەنەكان لەپیرمام 25ی‌ ئەیلول بۆ ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم دەستنیشانكرا و سەبارەت بە دیاریكردنی ئەو ڕۆژەش حسێن كەركوكی، بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بە میدیاكانی نزیك لە یەكێتی ڕاگەیاندووە "دیاریكردنی 25ی‌ ئەیلول وەكو ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئاسایی نییە و بەئەنقەست ئەو ڕۆژە دیاری كراوە".

كەركوكی ئەوەشی وتووە "لە25ی‌ ئەیلولی ساڵی‌ 1997 سوپای توركیا لەشكركێشی بۆ سەر خاكی هەرێم ئەنجامدا، دیاریكردنی هەمان ئەو ڕۆژەش بۆ ئەنجامدانی سەربەخۆیی كوردستان ڕازیبونە بە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر خاكی باشوری‌ كوردستان".

بەرپرسەكەی‌ تەڤگەری‌ ئازادی‌ ئاماژەی بەوەشكرد "لەڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان پێش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مەبەستی پارتی دەردەكەوێت كە دەیەوێت سەربەخۆیی بكاتە ڕێگەیەك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ حزبەكەی".



PM:01:00:10/06/2017