بەهۆی خۆشەویستەكەی لە ژنەكەی جیابووەوە بەلام خۆشەویستەكەی سەر‌و ئەندامی زاوزێی بڕی

وشیار ناوی پیاوەیە كە بەهۆی خۆشەویستییەوە لە مریەمی هاوسەری جیا دەبێتەوە، بەڵام نارینی خۆشەویستی بە شێوازێكی دڕندانە دەیكوژێت‌و سەری لەلەش دەكاتەوە‌و ئەندامی زاوزێی دەبڕێت.

چیرۆكی پڕ لەسەرسوڕمانی ژیانی وشیار بە پێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی وشە بەم جۆرەیە:

"مریەم" ژنێكی تەمەن ٢٧ ساڵ، كارمەندی بنكەیەكی‌ تەندروستییە لە دەڤەری ڕاپەڕین، دوای ئەوەی هاوسەگیری لەگەڵ "وشیار" دەكات و دوو ساڵ پێكەوە دەژین، وشیار لەگەڵ كچێكی تر بەناوی "نارین" دەكەوێتە پێوەندی خۆشەویستییەوە. ئەم چیرۆكی خۆشەویستییە كۆتاكەی پڕە لە رقێك كە دادگایش نەیتوانی ئاشكرای بكات، چونكە دوای ماوەیەك نارین و دایك و براكەی لە شەوێكی ڕەمەزاندا، وشیار بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە دەكوژن.

مریەم ئێستە كە هەم كۆرپەلە حەوت مانگەكەی لە دەست داوە و هەم هاوسەرەكەی، لە هەموو شتێك بێهیوا بووە، وەك خۆی دەڵێت، ڕێگەیەك نادۆزێتەوە تا داهاتووی خۆی دووبارە تێدا بنیات بنێتەوە و بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەكات، "من و وشیار بەهۆی كارەكەمانەوە یەكترمان ناسی، دوای دوو مانگ لە خۆشەویستی هاوسەرگیریمان كرد، سەرەتای ژیانی هاوسەریمان بێكێشە بووین، دوای شەش مانگ ئۆتۆمبێل و زێڕەكانم فرۆشت و خانوویەكمان كڕی و ماڵمان جیا كردەوە، دەستمان بە ژیانێكی نوێ كرد".

مریەم جگە لەوەی خانوو و ناوماڵ بە پارەی خۆی دادەنێت، بەو میراتەی لە ماڵی باوكی وەری دەگرێت، دەرمانخانە بۆ وشیار دەكاتەوە، ئەو دەرمانخانەیەی مریەم پێی وابوو دەبێتە هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانییان، بوو بە سەرەتایەك بۆ سەرگەردانیان.

بەگوتەی مریەم، "وشیار پیاوێكی لەبز شیرین بوو و ڕێزی خەڵكی دەگرت، بۆیە خۆشەویست بوو، كە دەرمانخانەی كردەوە خەڵك زیاتر ناسی و ئەویش زیاتر تێكەڵ بوو، هەر لەو ڕێگەیەوە نارینیشی ناسی".

نارین كچێكی باڵا مامناوەندی سپیكەڵانەی قژلوول، جوان و شیرین و سەرنجڕاكێش، دوای ئەوەی چەند جارێك لەگەڵ دایكیدا دەچن بۆ دەرمانخانەكەی وشیار، پێوەندی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

ماوەیەكی زۆر مریەم لەناو گومانی هەبوونی پێوەندییەكی شاراوە لە نێوان وشیار و ناریندا دەمێنێتەوە، دواجار لە ڕێی نامەی مۆبایلی وشیارەوە هەموو شتێكی بۆ ئاشكرابوو، ئیتر هاوسەرەكەی نایشارێتەوە و هەموو شتێك ئاشكرا دەكات بۆی، بەڵام بەڵێنیشی پێ دەدات كۆتا بەو پێوەندییە بێنێت و دەست بە ژیانێكی نوێ بكاتەوە لەگەڵ مریەم.

ئەو ژنە كە نازانێ كێشەكەیان چی بووە وا هاوسەرەكەی پێوەندی تری دروست كردووە، دڵ بە قسەكانی وشیار خۆش دەكات و قبووڵی دەكات لەپێناو بەردەوامیی ژیانیان. ئەو دەڵێ، "داوای لێ كردم منداڵمان ببێت، منیش ڕازی بووم و گوتم بێگومان ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی نێوانمان باشتر ببێت".

"وشیار لەگەل ئەوەی چاوەڕێی هاتنەدنیای كوڕەكەی دەكرد، پلانی ڕاكردنیشی لەگەڵ نارین دانابوو، ئەم راستییەم دوای كوشتنەكەی زانی، ئێوارەیەكی ڕەمەزان براكەم میوانمان بوو، وشیار زۆر پەشۆكابوو، زوو زوو سەیری سەعاتی دەكرد، دواتر تەلەفۆنێكی بۆ هات و گوتی نەخۆشێكی بە پەلە هەیە دەڕۆم و دێمەوە، دوای ڕۆیشتنی وشیار بەچەند خولەكێك دایكی گەیشتە ماڵمان، ئەویش زۆر شڵەژابوو، وەك بڵێی هەموو شتێك دەزانێ، كات هەر دەڕۆیشت و وشیار نەهاتەوە، زۆر حاڵم خراپ بوو دایكیشی هەر دەیگوت هیچ نییە دەگەڕێتەوە، ئێستە هەواڵیمان پێ دەگات". مریەم وای گوت.

وشار نەهاتەوە و گومان خەریكە مریەم دەخنكێنێ و لە هیچیش تێناگات، تا ئەوكاتەی دایكی وشیار لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لای پۆلیس دەیدركێنێ كە كوڕەكەی و نارین پلانیان داناوە ئەو ئێوارەیە بڕۆن بۆ ئێران و چیتر نەگەڕێنەوە.

لێرەوە دەردەكەوێ وشیار دایكی لە بابەتەكە ئاگادار كردووەتەوە و وەك مریەم دەیخاتە ڕوو، "بە دایكی گوتبوو دەبێت تۆ ئاگاداری مریەم و منداڵەكەی سكی بیت".
پێش بانگی بەیانی، پۆلیس دەگاتە ماڵی مریەم و بەو دۆخە دەروونییە خراپەی خۆیشیەوە، وەك تۆمەتباری كوشتنی هاوسەرەكەی دەگیرێ، لەوێوە مریەم دەزانێ وشیار لە ژیان نەماوە. بەردەوامی دا بە قسەكانی، "خۆم یەك خولەك خەو نەچووبووە چاوم، هەواڵی كوشتنی وشیاریش تاساندبوومی، خەریك بوو گیانم دەرچێ، ئەفسەری لێكۆڵەر سێ سەعات بەپێوە بەرامبەر مێزەكەی خۆی ڕایگرتم، كاتێك دەمگوت با دابنیشم تاوانم نییە، بە دەنگێكی زۆر ناخۆش پێی دەگوتم دەتوانی پیاوێك بكوژی بەس ناتوانی دوو سەعات بەپێوە ڕابوەستی".

مریەم 24 سەعات بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی رادەگیرێ، هەرچەندە لەكاتی كوشتنیدا ئەم لە ماڵ بووە و وشیار لە شوێنێكی تر كوژراوە، بەڵام داخی گەورەی ئەوەیە هەر لەو رۆژەدا و لە هەمان گرتووخانەدا منداڵەكەی سكی لەبار دەچێ، هەم هاوسەر هەم منداڵ بۆ مریەم نەمانەوە، جگە لە تەنیایی و خەمەكانی خۆی.

دوای دوو ڕۆژ بكوژی وشیار ئاشكرا دەبێت. چیرۆكەكە بەم شێوەیە: ئەوكاتەی وشیار دەچێتە ماڵی نارین بۆ ئەوەی هەڵێن، نارین و دایكی و براكەی لە ماڵی خۆیان وشیار دەكوژن و سەری لە لاشەی دەكەنەوە و  چاوەكانی دەسووڕێنن و ئەندامی زاوزێشی لێ دەكەنەوە. دواتر دەیكەنە ناو گونیەیەك و لە دەرەوەی ئاوەدانی فڕێی دەدەن.

بۆ لێكۆڵینەوە نارین و دایك و براكەی دەگیرێن، هۆی كوشتنی وشیار ئاشكرا ناكەن، لە وەرگرتنی گوتەكانیان لە پۆلیس و دادگا و تەنانەت گرتووخانەیشدا تەنیا ئەوە دەڵێن، "ئەگەر وشیار دووبارە زیندوو بێتەوە، بەشێوازێكی قێزەونتر دەیكوژینەوە". بۆیە دادگا بۆ هەریەك لە نارین و دایك و براكەی بڕیاری لەسێدارەدان دەردەكات، بەڵام بەهۆی راگرتنی جێبەجێكردنی سزای لەداردان لە كوردستان، ئەوان ئێستە لە گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی ماونەتەوە.

دوو كەسی تر بە تۆمەتی بەشدار بوون لەو كوشتنەدا، لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ئاشكرابوون كە پەرستارێك و دانسازێكن، دادگا بڕیاری گرتن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر هەردووكیاندا دەسەپێنێ.



PM:03:49:10/06/2017