گۆڕان کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەبێت

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" ئەگەر پەرلەمان کارانەکرێتەوەو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار نەکرێتەوە، گۆڕان کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم".

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، شەوی رابردوو رایگەیاند" ئەوان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڵام هێشتا كەسیان دیاری نەكردووە".

سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان خۆیان و یەکێتی، وتەبێژەکەی گۆڕان وتی " ئەگەر یەكێتی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكات ئەوا وا ئەزانین ڕێككەوتن نییە و بەبێ ئەوەش دەتوانین درێژە بە ڕێباز و بەرنامەكەمان بدەین".

شۆڕش حاجی وتیشی"پێویستە هەردوولا رێز لە ئیمزاكەی خۆیان بگرن، ئەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە ماددەكانی جێبەجێ ناكات".

دەربارەی پرسی ریفراندۆم ناوبرا وتی" پێویست ناكات پرسیار لە خەڵك بكرێت دەوڵەتیان دەوێت یان نا، لە ساڵی2005 دا خەڵكی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ ڕایانگەیاند كە دەوڵەتیان دەوێت، بۆیە نابێت ریفراندۆم بۆ لە بیربردنەوەی گرێبەستە نەوتیەكان بێت ". 




AM:11:00:11/06/2017