كێشەی كەمیی ئاو لەهەولێر كوژراوو برینداری لێكەوتەوە

پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات لەسەر كێشەی كەمی ئاو كەسێك دەكوژرێت و دوو كەسی دیكەش بریندار دەبن.

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ نزیك كاتی بەربانگ پۆلیس ئاگاداركرانەوە بە بوونی ڕووداوێكی كوشتن لە ناحیەی كەسنەزانی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر.

دەشڵێت: "لە دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو دەركەوتووە، كەوا لە سەر كێشەی كەمی ئاو لە نێوان چەند كەسێك شەڕ و دەمەقاڵێ دروست بووە و یەكێك لەو كەسانە تەقەی كردووە و كەسێك كوژراوە بە ناوی (محمود)، دوو كەسی دیكەش بریندار بوون".

ڕاشیگەیاندووە، تیمەكانی پۆلیس توانیویانە ئەو كەسە دەستگیر بكەن، كە تۆمەتبار بووە بە كوشتنی كەسەكە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕێكخرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، لە ئێستادا تۆمەتبار بە پێی ماددە (٤٤٥) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە.



PM:04:06:12/06/2017