پۆلیسی هەولێر سێ كەسی دەستگیركرد كە یەكێكیان خەسوی خۆی كوشتووە و دوو كەسەكەی دیكەش لە هەوڵی ئەنجامدانی تاوانێكدا بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی حوزەیران پۆلیسی هەولێر سێ كەسی بە تۆمەتی كوشتنی ژنێك و پیاوێك دەستگیركرد، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە "دوێنێ كەسێك خەسووی خۆی و دراوسێیەكی ماڵی خەزووری كوشت و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار رایكرد، پاش بەدواداچوون ئەو كەسە دەستگیركراوە".
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، دوو كەسی تری نزیك لە كەسی تاوانبار دەستگیركراون كە چەكی نایاساییان پێبووە و ویستوویانە تاوانی كوشتنی تر ئەنجامبدەن، بەڵام پێش ئەنجامدانی تاوانەكە پۆلیس دەستگیری كردوون.
كاتژمێر پێنجی بەیانی دوێنێ 13ی حوزەیران هاوڵاتیەك لەشاری هەولێر لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی خەسووی خۆی و دراوسێیەكی ماڵی خەسووی دەكوژێت و دواتر هەڵدێت.
تۆمەتبارەكە ناوی(ف،ر)ە و تەمەنی 20 ساڵە و خەسووەكەشی كە كوژراوە ناوی هەیبەت ئەحمەد حەسەن تەمەن 55 ساڵ و لەگەڵ پیاوێكی تر كە دراوسێی ماڵی خەسووی تۆمەتبارەكە بووە بەناوی هێرش خزر حوسێن كوژراوە.