رۆمانێكی بەختیار عەلی پڕفرۆشترین کتێبی بازاڕی کتێبی ئێرانە

رۆمانی "ئێوارەی پەروانە" لەنوسینی بەختیار عەلی‌و وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی بۆ زمانی فارسی لە كتێبخانەكانی ئێران زۆرترین رێژەی فرۆشتنی تۆمار كردوە.

لەمبارەیەوە مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی ئێوارەی پەروانە بە سپی ڕاگەیاند "لە حاڵێکدا لە ئێران تەنیا یەک کۆڕ بۆ ناساندن و تاوتوێی ئەم بەرهەمە بەڕێوە چووە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا فرۆشێکی بەرچاوی کە هەتا ئێستا لە ئێراندا وێنەی نەبووە و تەنانەت کتێبی نووسەرە ناودارەکانی جیهان کە خاوەنی نۆبڵی ئەدەبین و وەردەگێڕدرێنە سەر فارسی، بەم چەشنە فرۆشیان نەبووە."

مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەش کرد "من ئەم شاکارە ئەدەبییەم 17 ساڵ لەمەوبەر وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی، بەڵام بەهۆی ئەو سانسۆرانەی کەلە ئێران لەسەر ئەدەبیات هەیە، نەمتوانی چاپ و بڵاوی بکەمەوە، بەڵام لە حاڵێکدا کە کەمتر لە یەک مانگە چاپ بووە، بەڵام فرۆشێکی بەرچاوی هەبووە و لەلایەن ئەدەبدۆستانەوە پێشوازیی بێوێنەی لێ کراوە.

ئەم وەرگێڕە کوردە لە درێژەدا وتیشی "بڕیارە هەینیی داهاتوو لە شاری کەرەج ڕێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی عەلی ئەشرەف دەرویشیان، نووسەری ناسراوی کورد، بەڕیوە بچێت، هەروەها ڕەخنەگران "ڕەزا عابێد، ئەحمەد درەخشان، چیرۆکنووس و دکتۆر ڕزگار محەمەدی بەڕێوە بچێت و لەبارەی ڕۆمانی ئێوارەی پەروانەوە قسە دەکەن".

بڕیارە لە شارەکانی مەشهەد، تاران، ئیسفەهان، کاشان، تەبرێز و ڕەشت و لاهیجان و سەرجەم 13 شاری ئێران ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی و واژۆکردنی ڕۆمانی ئێوارەی پەروانە بەڕێوە بچێت و بڕیارە لە کۆتایی مانگی حەوتدا چاپی دوومی بخرێتە بازاڕەوە.





AM:10:31:17/06/2017