ئایا بارزانی پەشیمان بۆتەوە لە ڕیفراندۆم؟

لەبەشێک لە میدیاکان دەنگۆی کشانەوەی بارزانی لە سەرۆکایەتی لیژنەی ڕیفراندۆم بڵاودەبێتەوە و پارتیش ڕونکردنەوە دەدات.

لەبەشێکی میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، کە مەسعود بارزانی لەسەرۆکایەتی لیژنەی باڵای ئەنجامدانی ریفراندۆم کشاوەتەوەو داوایکردووە کەسێکی تر لەشوێنەکەی دابنرێت.

لەوبارەیەوە ئاراس حەسۆ، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە یەکێتی وتووە "بارزانی ھەرسەرۆکایەتی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دەکات و نەکشانەوەتەوە، ئەوەی لێرەو لەوێ دەوترێت دوورە لەڕاستییەوە".

حەسۆ، وتیشی "ھیچ کارێکی گرنگتر نییە لەسەرۆکایەتیکردنی لیژنەی ریفراندۆم، تا بارزانی لەسەرۆکایەتیەکەی بکشێتەوە، بەھیچ جۆرێکیش پەشیمان نابێتەوە".

ئەو سەرکردایەتیەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد کە چاوەڕوان دەکەن سەرجەم لایەنەکان پشتیوانی لەریفراندۆم بکەن.


PM:11:57:18/06/2017