"سەركردەیەكی كورد دەیەوێت گۆڕان بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە"

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەهەوڵی ئەوەدایە گۆڕان بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە‌و دەڵێت "بەڵام سەركەوتوو نابێت".

د. فوئاد ئەحمەد بابان، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یەک لیستیی کۆمەڵ و گۆڕان شتێکی نەکردەیە، چونکە شێوەی دروستبوونی گۆڕان و کۆمەڵ جیاوازە، ئەوانەی لەگەڵ گۆڕانن، گرووپی جیا جیان، ڕەنگە گروپی ئیسلامیی جیاوازیان تێدابێت، بەڵام ئەی بۆ ناچنە ناو کۆمەڵی ئیسلامی؟ چونکە شتێکی ئاسان نییە، باوەڕ ناکەم گۆڕان بەوە ڕازی بێت بچێتە چنگی عەلی باپیرەوە، ئەگەر ئەوەش بکەن، ئەو کاتە دەبێت عەمامەیەک ببەستن بەسەریانەوە".

د. فوئاد بابان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دوای نەوشیروان مستەفا، گۆڕان لە دۆخێکی ناجێگیر دان و ”مەرکەزی بڕیاریان تێکچووە، بۆیە بە ئاسانی بڕیاریان بۆ نادرێت". بە پێویستیشی زانی: ”پارتی و یەکێتی لەم پرۆسەیەدا یارمەیتیی گۆڕان بدەن، تا خۆی ڕێک بخات و بڕیاری پێ بدرێت، چونکە ئەگەر بڕیاری پێ نەدرێت، گرفت بۆ ھەر ڕێککەوتنێک دروست دەکات". گوتیشی: "ئەگەر قەرار بێت عەلی باپیر سەرپەرشتیی گۆڕان بکات، بۆ قەرار نییە یەکێک لە یەکێتی سەرپەرشتی گۆڕان بکات؟".



PM:02:40:19/06/2017