"بۆ ئیحراجكردنی كۆمەڵە"
سەڵاحەدین بەهائەدین لیستێكی ئیسلامی ڕادەگەیەنێت

هەفتەی ڕابردوو سەڵاحەدین بەهائەدین لیستێكی بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی كوردستان بەناوی (چاكسازی نیشتیمانی) ڕاگەیاند، تا ئێستاش هیچ لایەنێكی ئیسلامی ئامادەیی دەرنەبڕیوە بچێتە ئەو لیستەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە لایەنە ئیسلامیەكان باس لە یەكگرتنیان دەكەن بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و  لەمساڵیشدا چەندین كۆبوونەوەی سەركردەكانی ئەو لایەنە ئیسلامیانە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی ئەنجام دراوە.

هەفتەی ڕابردووش سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بەرە ئیسلامیەكەی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی لایەنە ئیسلامیەكان لەسەری ڕێككەوتبێتن و زانیاریەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری ناكات، سەركردەیەكی یەكگرتوش دەڵێت بەبێ كۆمەڵ لیستە ئیسلامیەكە پەكی ناكەوێت.

لەو بارەیەوە عوسمان كاروانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ماڵپەڕی خەندانی رایگەیاندووە، لەئەگەری نەهاتنی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ناو لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان لیستەكە پەكی ناكەوێت، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و كەسایەتیەكان و رێكخراوەكاندا كاری جدی بۆ دەكرێت.

هاوژین عومەر، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا بڕیاری نەداوە كە چۆن بەشداری لە هەڵبژادنەكان بكات واتە لیستی سەربەخۆی هەبێت یان لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكانی تردا لە لیستێكی هاوبەشدا بن.

توێژەری ئیسلامی سیاسی، مەسعود عەبدولخالق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵ بەشداری ئەو لیستە ناكات و دەڵێت یەكگرتوو دەیەوێت ئەو لیستە بۆخۆی بەكاربهێنێت ڕاشیدەگەینێت "ئەگەر كۆمەڵ بەشداری نەكات لیستەكە سەركەوتوو نابێت".

ئەمەش لەكاتێكدا دێت هەڵوێستەكانی كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نزیكبووە وەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و هەندێ میدیاش باس لەوە دەكەن كە خواستێك هەیە تا كۆمەڵ و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان پێكەوە بەشداری بكەن، و كۆمەڵی ئیسلامیش بەمە ڕازیە، بەڵام هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لە ئێستادا ناتوانێت بڕیارێكی لەوشێوەیە بدات بە دوو هۆكار، یەكێكیان ئەوەیە كە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە گەر كارێكی وا بكات دەبێت بە ڕەزامەندی یەكێتی بێت، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان پاش مردنی نەشیروان موستەفا ناتوانێت بڕیاری سیاسی یەكلاكەرەوە بدات.



PM:03:56:19/06/2017