یەپەگە هەڕەشە دەکات

یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکراتی دوای هێرشەکانی سوریا بۆ سەر بنکەکانیان هەڕەش لە رژێمی سوریا دەکەن.

دوو رۆژ لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا بۆردومانی چەند بنکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کرد، هەروەها ئەمڕۆش هێرشیان کردە سەر بنکەکانی یەپەگە لە باشووری تەبقە، تەڵاڵ سلۆ، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند " ڕژێمی سوریا بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە هێرش دەکاتە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان، ئێمەش بە مافی ڕەوای خۆمانی دەزانین وەڵامی ئەو هێرشانە بدەینەوە".

تەڵاڵ سلۆ لە راگەیاندنێکی رۆژنامەوانیدا،  ڕایگەیاند"پاش بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی ئێمەو هێزە دژە تیرۆرەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوراتدا بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە، ڕژێمی سوریا بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانمان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرش دەکاتە سەرمان، بەتایبەتی پاش دەستپێکردنی جەنگی گەورە بۆ ڕزگارکردنی ڕەقەو پێشڕەی شەڕڤانان لە ناو شاری ڕەقەدا و ڕزگارکردنی چەندین گەڕەکی گەورەی شارەکە، ڕژێمی سوریا لە ڕۆژی ١٧ی حوزەیراندا ئاگایانە بە فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپ و تانکەکانییەو هێڕشێکی بەرفراوانی دژی ناوچە ڕزگارکراوەکان پێکهێنا، هێرشەکە دژی ئەو ناوچانە ئەنجامدرا، کە ماوەی سێ مانگ پێش ئێستا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوراتدا ڕزگارکرابوون".
 
تەڵاڵ سلۆ لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا:"ئامانجی سەرەکی ڕژێم لە هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان ڕێگریکردنە لە پێشڕەوییەکانمان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فوراتدا".
 
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تەڵاڵ سلۆ ڕایگەیاند:"ئەگەر هێزەکانی ڕژێم بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئێمە، ناچار دەبین مافی ڕەوای بەرگری لە خۆمان بخەینە گەڕ و وەڵامی هێرشەکانیان بدەینەوە".



PM:08:54:19/06/2017