مەلا بەختیار: هێرۆ ئیبراهیم بەگۆڕانی رایگەیاندووە: لەگەڵ یەکخستنی فراکسیۆنەکان نییە

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای دەکات" كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بەراشكاویی هەمان بۆچونی دوپاتكردبووەوە، كە كاتی نییە فراكسیۆنەكان یەكبخرێ‌".

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی روونکردنەوە لە سەر راگەیاندنەکەی هێرۆ ئیبراهیم دەدات و دەڵێت" ئەمشەو خاتو هێرۆ برایم ئەحمەد رونكردنەوەیەكی لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ یەكخستنی فراكسیۆنی یەكێتی‌و گۆڕان، بڵاوكردەوە. بۆئەوەی راستیەكان، دوور لە پێخۆری هەلپەرستی بزانرێ‌، ئەوەی لەناو كۆبونەوەكەدا باسی بڕیاری هەڤاڵ هێرۆی كرد سەبارەت بە یەكخستنی فراكسیۆنەكان بەندەیە (مەلا بەختیار). هۆیەكەشی ئەمەی خوارەوەیە كە:
-    لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی (2017/4/26) كاتێك مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی رێكخستنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بۆچونی وا بوو كە، هەلومەرجەكە لەبار نییە بۆ ئەو یەكخستنە.
-    دوابەدوای ئەو كۆبونەوەیە، كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بەراشكاویی هەمان بۆچونی دوپاتكردبووەوە، كە كاتی نییە فراكسیۆنەكان یەكبخرێ‌.
-    رۆژی (2016/6/15) سەعات (5)ی ئێوارە، لە دانیشتنێكدا، بەئامادەبونی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، دۆخی كوردستان‌و دۆخی ناو یەكێتیمان لەگەڵ هەڤاڵ هێرۆ تاوتوێكرد، بۆچونەكانی سەبارەت بە هەمان مەبەست‌و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان، كە بگونجێ‌ لەگەڵ بارودۆخی كوردستان‌و یەكێتی‌و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ریفراندۆم، هیچ ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا نەهاتبوو. بەڵكو گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە لەكوردستان‌و لەناو یەكێتیشداو لەگەڵ تەواوی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و جێگرانی سكرتێری گشتیدا نەرمتر، هەنگاوی چارەسەر بنرێ‌".
مەلا بەختیار لەدرێژەی روونکردنەوەکەیدا، دەڵێت " لەكۆبونەوەی (2017/6/18) كاتێك، قسەوباس هاتە سەر رێكەوتنامەی یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكخستنی فراكسیۆنەكان، لەنیوەی باسەكەدا، هـ. هێرۆ كۆبونەوەی جێهێشت بوو، وەكو راستییەك ئاماژە بەو بۆچونەی هەڤاڵ هێرۆ كرا، سەبارەت بە نەگونجاوی دۆخەكە بۆ یەكخستنی فراكسیۆنەكان. دوای شەن‌وكەوێكی هەمەلایەنە، ئەو بڕیارنامەیە پەسەند كرا كە لە راگەیاندنی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، دەقەكەی بڵاوكرایەوە".

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی دەشڵێت "ئەوەی مایەی سەیروسەمەرەیە، دوای پەسەندكردنی بڕیارەكەو بڵاوكردنەوەشی، دیارە هەیە، دڵی بەو بڕیارەش دانەكەوتووە‌و مەبەستی بووە ئاراستەی كۆبونەوەكە بئاڵۆزێ‌، بۆیە هەواڵی ناو كۆبونەوەكەی، بەوشێوەیەی لەگەڵ مەبەستەكانیا دەگونجێ‌، بەو رێگایانەی ئاسان بووە بۆی، گەیاندۆتە هەڤاڵ هێرۆ. تومەزە، ئەو هەڤاڵەی هەواڵەكەی بەمەبەست گەیاندووە، باشتر لە ئێمە دەزانێ‌، هەڤاڵ هێرۆ، دوای چونەدەرەوەی لە كۆبونەوەكە، بۆچونەكەی گۆڕدراوەو بڕیاری پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆبونەوەی پێشوی سەركردایەتی داوە. تا ئێرە ئاساییە".

مەلا بەختیار لە شێوەی پرسیاریدا دەڵێت" مادام سەركردایەتی، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت هەڤاڵێكیش دژی بڕیارەكە رای دابێ‌، بڕیارەكە سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، پەسەند كرابێ‌، ئیتر پێویستی دەكرد، ئەم گفتوگۆیەی ناو كۆبونەوەكە، بەمەبەست‌و لەپێناوی ژاوەژاوی چەواشەخوازی، بگەیەنن؟ 
ئایە، باشتر نەبوو، هەڤاڵ هێرۆ، دەستبەجێ‌، پێش تەوابونی كۆبونەوەكە، بەتەلەفۆن ئەزیەتی كێشاباو گوتبای: بیروڕام گۆڕیوەو ئێستا بۆچونم وایە، فراكسیۆنەكان یەكبخرێ‌؟
بەدڵنیاییەوە، تەلەفۆنێكی لەوجۆرە، ئامانجە سیاسی‌و حزبیەكانی باشتر دەپێكا، نەك رونكردنەوەیەكی بەیاننامەئاسا، كە چەندین جار كوردسات نیوزو كەناڵی دیكە، پەخشی بكەن‌و ناحەزانی یەكێتیش سودی لێوەربگرن. هەلپەرستەكانیش بخاتە هەلەكەسەما!!".



PM:09:16:19/06/2017