داعش دوو مزگەوتی تەقاندەوە

شانەی جەنگی سەربە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق ڕایگەیاند داعش ئەمڕۆ مزگەوتی گەورەی نوری لە بەری ڕاستی موسڵ و منارەی حەدبای تەقاندووەتەوە.


ئەمڕۆ عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق بە ئێن ئاڕ تی وتووە "هێزەکانمان لە گەڕەکی کۆنی موسڵ لە پێشڕەویدان، بەشێوەیەک ئێستا تەنها ٢٠٠ مەتر دوورن لە مزگەوتی گەورەی نوری کە ئەبوبەکر بەغدادی خەلافەتەکەی تیا دامەزراند، و لەئێستادا پلانی تایبەتمان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی، یان ڕاستەوخۆ هێرش دەکەینە سەری یاخود شێوازێکی نوێی لەبەرامبەر بەکاردەهێنین".

ڕوونیشی کردووەتەوە "چەکدارانی داعش هەرەسیان هێناوە و لەئێستاشدا خێزانەکان بە چڕوپڕتر لە ڕۆژانی ڕابردوو ناوچەکە چۆڵ دەکەن، ئەوەش ئاماژەیە بۆئەوەی داعش ناوچە نزیکەکانی جێهێشتووە و توانای بەرگری نەماوە لەبەردەم هێزەکانماندا بەڵام ئێمە بە دوایانەوە دەبین تا دوا بستی ناوچەکەیان لەدەست کۆنترۆڵدەکەینەوە".




PM:11:04:21/06/2017