كچە جوانەكەی سلێمانی لە پرۆژەیەكی نوێدا دەردەكەوێت

كاندیدی شاجوانی زانكۆكان، یارجان، چالاكوانی مەدەنی بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ئێوارە خوانێكی بۆ بەساڵاچوانی سلێمانی رێكخست.

ئێوارەی چوارشەممە یارجان كچە چالاكوانی مەدەنی بەهەماهەنگی گروپی رەشاقە و لەشجوانی و لەسەر ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەستا بە رێكخستنی ئێوارەخوانێك بۆ ژنان و پیاوانی خانەی بەساڵاچوان لە شاری سلێمانی.

یارجان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە ئەو بیرۆكەیەم لا دروستبوو كە خزمەتێكی بچووك بە ژنان و پیاوانی بەڕێزی خانەی بەساڵاچوان بكەم، بۆ ئەو مەبەستەش بە سوپاسەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەركی ئێوارە خوانەكەی لەئەستۆ گرت، سوپاس بۆ بەڕێوەبەر و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتیش كە هاوكارییان كردین".

یارجان لە مانگی رابردوودا دووجار خۆی كاندید كرد بۆ بوونی بە شاجوان، یەكێكیان بۆ شاجوانی زانكۆ و پەیمانگەكانی سلێمانی و دووەمیش بۆ شاجوانی عێراق، بەڵام نەیتوانی لەو دوو پڕۆسەیە نازناوی شاجوان بەدەست بێنێت.

یارجان دەڵێت "شاجوان ئەركی ئەوەیە لەبواری كۆمەڵایەتی و خێرخوازیدا كار بكات، هەرچەندە من نازناوەكەم بەدەست نەهێنا، بەڵام بەدەست نەهێنانی ئەو نازناوەش لە كاركردن ناموەستێنن، بەڵكو لەمەودوا وەكو چالاكوانێكی مەدەنی پڕۆژە و خزمەت دەكەم".

یارجان تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە و خوێندكاری كۆلێجی زانستی كۆمپیوتەری زانكۆی سلێمانییە.



PM:01:39:22/06/2017