نێچیرڤان بارزانی بە تەنها ماڵباتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی بینی

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و هەردوو کوڕەکەیدا کۆبووەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی بە تەنها و بە بێ ئەوەی هیچ وەفدێکی سیاسی لەگەڵدا بێت، لەگەڵ هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و بافڵ تاڵەبانی کۆبووە و و دواتر سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکەیان کرد.

ئەم سەردانە بە دوور لە چاوی میدیاکان بووە و سپیش بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد کە نێچیرڤان بارزانی بە پڕۆژەیەکەوە سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم کۆدەبێتەوە و تەنانەت میدیا فەرمییەکانی پارتیش زانیارییان لەسەر سەردانەکە نەبووە.

پێشتر بەرپرسێكی باڵای پارتی بە سپی راگەیاند كە نێچیرڤان بارزانی جێگیری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پڕۆژەیەکی نوێوە سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و سەرکردەکانی یەکێتیدا کۆدەبێتەوە و لەو ڕێیەشەوە دەستپێشخەرییەک دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان.

بەرپرسەكەی پارتی بۆ سپی میدیای ئاشکرای کرد کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات بە دەستپێشخەری و پڕۆژەیەکی نوێوە و تێیدا پڕۆژەکە دەخاتە بەردەم هێرۆ ئیببراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاڕاستەی بزووتنەوەی گۆڕانی دەکات.

ئەو بەرپرسەی پارتی کە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پارتی لە پێناو پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمدا دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم ئامادەکردووە و نێچیرڤان بارزانیش دەیەوێت یەکێتی و گۆڕان بەو پڕۆژەیە ڕازی بکات تا هەردووکیان بە فەرمی پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆمە بڕیارلێدراوەکەی هەرێم بخەنە ڕوو.

بە گوێرەی وتەی ئەو بەرپرسە لە پڕۆژەکەدا پارتی ڕازییە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەم سەرۆکایەتیییەی ئێستایەوە بە مەرجێک لە پەرلەماندا هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕازی بن بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانیشدا.
ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەشکرد کە پێدەچێت ئەمە دواین دەستپێشخەری پارتی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بە وتەی ئەو پارتی هەموو ڕێگایەکی لەم دەستپێشخەرییەدا گرتووەتە بەر بۆ ڕازی کردنی لایەنە سیاسییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت بەردەوام بەرپرسانی گۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەو مەرجە پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەکەن کە ڕیفراندۆم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لێ بدرێت.



PM:04:10:22/06/2017