رۆژنامەنووسێکی دیاری یەکێتی: چەكدارەكانی كۆسرەت هەڵیانكوتایە سەر ماڵم

رۆژنامەنووسێکی دیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە چەندان ساڵە لە کوردستانی نوێ کاردەکاتو رایدەگەیەنێت" چەکدارەکانی کۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەم".

لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنووسی دیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنووسێت " چەند رۆژێكە چەكدارەكانی كۆسرەت رەسول عەلی راستەوخۆ هەڕەشەم لێدەكەن، لەسەر ووتارێك گوایە لە لڤین پرێس بڵاوبۆتەوە بەناوێكی خوازراو، كەمێك بەر لەئێستا مافیا ئاسا دوو مەفرەزەیان هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەم خۆشبەختانە لەماڵ نەبووم، وەك مافیا برایەكیان رفاندووم".

لەو نووسینەدا سەرتیپ جەوهەر دەڵێت " بەپرسێتی گیانی خۆم و خێزانەكەم لە ئەستۆی كۆسرەت رەسول عەلی و دەوروبەرە مافیا ئاساكەیەتی، هەوڵدەدەم كەمێكی دیكە ووردەكاری زیاتر بەهەموو راگاندن بگەینم. ئاگاداری كونسڵخانەی ووڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپاو نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەكەم كە مەترسی لەسەر ژیانم هەیە".

ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت "لەوەتەی دەستلەملانێی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و هاوئاوازن لە بەرنامەو پلانی سیاسیان، كەوتونەتە هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنوسان لەسەر نوسین، هەر لەم هەڕەشەیان لە رۆژنامەنوسێكی دیكە كردووە".
ناوبراو دەشڵێت "داوا لە داواكاری گشتیی و ئاسایش و پۆلیس دەكەم بەزووترین كات ئیجرائاتی قانونی لەگەڵ ئەم بكەن".



PM:08:43:22/06/2017