"گۆڕان و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی یەکلایی کەرەوە ئەنجام دەدەن"

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی چارەنووس ساز و یەکلاییکەرەوە ئەنجام دەدەن.

پاشئەوەی دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە ٢٦ ی نیسان شکستی خواردو یەکێتی ئامادە نەبوو فراکسیۆنەکانی لەگەڵ گۆڕان یەکبخات، ئەمڕۆ جارێکی تر لە هەلومەرجێکی سیاسی جیاوازدا کۆدەبنەوە.

کۆبوونەوەی پێشووی هەردوو لایەن چەند رۆژێک پێش گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان و کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە سازدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی ئامادە نەبوو یەکێک لە هەنگاوە سەرەکیەکان جێبەجێ بکات کە یەکگرتنەوەی هەردوو فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی یە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و پارێزگاکان، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمجارەی یەکێتی لە کاتێکدا سازدەکرێت کە لەدوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە ١٨ ی حوزەیران سازکرا، زۆربەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەنێویاندا کەسایەتی دەستڕۆشت و هێرۆ ئیبراهیم لەسەر ئەوە کۆکن کە رێکەوتنی نێوان خۆیان و گۆڕان جێبەجێ بکرێت.

هەروەها کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە دوێنی ٢٢ ی حوزەیران لە سەردانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ماڵباتی تاڵەبانی کردو لە دەباشان کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا. ( بەپێی راڤەی چاودێران ئەو سەردانە بۆ راکێشان و جیاکردنەوەی هێرۆ ئیبراهیمە لە گۆڕان و کەنارگیرخستنی گۆڕان).

زۆربەی چاودێران سیاسی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکلاییکەرەوە دەبێت، چونکە گۆڕان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی ١٧ ی ئایاری ٢٠١٦ دەکاتەوە.



AM:10:16:23/06/2017