یەکێتی و گۆڕان ئاگادار دەکرێنەوە

پەرلەمانتارێک پەیامێک ئاڕاستەی سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان دەکات و رایدەگەیەنێت "ھیوادارم سەرکردایەتی ئەو دوو لایەنە لە مەترسییەکانی دژ سلێمانی تێبگەن".

عەلی حەمە ساڵح، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لەپەرلەمانی کوردستان بە راگەیاندنەکانی نزیک لە یەکێتی وتووە "بە پلانێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگە نادرێت لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا نەوت و غاز بەرھەم بھێنرێت، ھەر بۆیە لەماوەی رابردوودا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و سێ کۆمپانیای دیکەی بواری نەوت و گاز لەناوچەکە کشاونەتەوە".

عەلی حەمە ساڵح، وتیشی "لەبوارەکانی دیکەدا گەمارۆیەکی گەورە لەسەر سلێمانی ھەیە و تائێستا (800) کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی مایەپوچبوون، تەنانەت کێڵگەی نەوتی تەقتەقیش بەرەو وشکبوون دەچێت".

جەختی لەوەشکردەوە ئەگەر گۆڕانیش لەحکومەتدا بوایە، ئەویش بەرپرس دەبوو و دەڵێت "دەبێت یەکێتی لەو پیلانە بێدەنگ نەبێت".

لەچەند رۆژی رابردوودا، گۆڕان لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی پلانێکی مەترسیدار لەسەر کەرکوک و سلێمانی پێشکەشی یەکێتی کرد، سەبارەت بە وردەکاریی ئەو لێکۆڵینەوەیەش، عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند "لێکۆڵینەوەیەکی فراوانمان لەدووتوێی (13) لاپەڕەدا داوەتە یەکێتی، کە سلێمانی و کەرکوک بەپلانێکی سیاسی، فشارێکی گەورەی لەسەرە، کە تێیدا مەترسی ئەوەمان خستۆتەڕوو کە کۆمپانیاکان مایەپوچبوون، پیشەسازی و نەوت و غاز لەم سنوورەدا گەشە ناکات و قەرزێکی زۆریش لەسەر ئەم سنوورە جێدەھێڵرێت".

وتیشی: "پیلانەکە مەترسیدارەو وردەکارییەکەی لەلای سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان ھەیە، ھیوادارین دوور لەبەرژەوەندی کەسی لەگەڵ پارتی، یەکێتی و گۆڕان پێکەوە دابنیشن و لەو مەترسییە گەورەیە تێبگەن".


PM:02:14:23/06/2017