یەکەم ڕۆژی جەژن دیاری دەکرێت


لیژنەی بینینی مانگ کۆدەبێتەوە و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەکرێت.

سبەینێ شەممە 24ی حوزەیران کاتژمێر حەوتی ئێوارە لیژنەی باڵای بینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

لیژنەکەش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چاودێری بینینی مانگ دەکات و ئەگەر مانگ بینرا لە ڕۆژی شەممەدا ئەوا ڕۆژی یەکشەممە دەکرێتە جەژن و ئەگەر مانگیش نەبینرا، ڕۆژی دوو شەممە دەبێتە جەژن.

پێشتر مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لەگەڵ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و دیوانی وەقفی سونی لەکاتی چاودێریکردنی بینینی مانگدا لە پەیوەندیدا دەبن بۆ ئەوەی بەهەماهەنگی یەکتر بڕیار لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جەژن بدەن".

مەریوان نەقشبەندی پێشبینی ئەوەشیكرد ڕەمەزان ڕۆژێكی لێخورابێت ڕایگەیاند "بەپێی ئەزمونی ڕابردوو پێشبینی دەكەین ڕۆژی یەكشەممە كە دەكاتە 25ی حوزەیرانی 2017 یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بێت".


PM:04:34:23/06/2017