کچێک لە هەولێر: خزمێکم هەموو شتێکی لێ تێکدام و سێکسی لەگەڵ کردم

بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا باس لە کچێک دەکات کە کوڕێکی خۆش ویستووە بەڵام خزمێکی هەمووشتێکی لێ تێکداوە و دواتر داوای سێکسی لەگەڵ کردووە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر دەڵێت کچێک تەلەفۆنی بۆ کردوون وتویەتی "لەڕێی فەیسبووكەوە كوڕێكم ناسی، سەرەتا هاوڕێ‌ بووین، بەرەبەرە متمانە لە نێوانمان دروستبوو، ئیدی بووین بە خۆشەویستی یەكدی، نامە و وێنە گۆڕینەوە لە نێوانمان هەبوو، بەڵام خزمێكمان كە دراوسێشمان بوو، هەموو شتێكی لێ‌ تێكدام. ئەو خزمەمان زۆربەی كات لە ماڵی ئێمە بوو، رۆژێكیان كە نامەم بۆ خۆشەویستەكەم دەنارد، مۆبایلەكەی لەدەست رفاندم، تەماشای نامەكانی كرد، دواتر زانی وێنەم بۆ ناردووە و هەندێك لە وێنەكانیش نیمچەڕووت بوون، چووە لای ئەو كوڕە و هەڕەشەی لێكرد، مۆبایلەكەشی لێستاند. ئەو خۆی وا نیشاندا كە خەمخۆر و دڵسۆزی منە، ئامۆژگاریی كردم كە واز لەو كوڕە بهێنم. منیش وازم لێهێنا، بەڵام بەو مەرجەی كە هاندی مۆبایلی كوڕەكە بشكێنێ‌، ئەویش بەڵێنی دا. ماوەیەكی زۆر بێدەنگیی لەو بابەتە كرا، تاوەكوو رۆژێكیان خزمەكەمان پێیگوتم دەزانی هاندەكەم نەشكاندووە؟ منیش گوتم: ئەی تۆ بەڵێنت نەدا؟ ئێستا مەبەستت چییە، دەتەوێ‌ بە كوشتنم بدەی؟ گوتی: نەخێر، دەمەوێ‌ لەگەڵم رابوێری. منیش پێمگوت عەیبە تۆ خزمی منی، من وەكو برایەكی خۆم سەیرت دەكەم. بەڵام ئەو هەڕەشەی لێكردم "

هەروەها لەو وتارەیدا کە بۆ رووداوی نوسیوە لە زاری ئەو کچەوە نوسیویەتی " کوڕەکە پێی وتم : ئەگەر لەگەڵم نەخەوی مۆبایلەكە دەدەمە دەست باوكت و براكانت. زۆر لێی پاڕامەوە، بەڵام سوودی نەبوو. منیش بیرم كردەوە ئەگەر مۆبایلەكە بداتە دەست كەسوكارەكەم حەتمەن دەمكوژن، بۆیە ناچار بووم تەسلیم ببم، رۆژێكیان ئەوەی مەبەستی بوو لەگەڵی كردم و ئیدی لەو رۆژەوە خۆم لەبەرچاو كەوتووە، هەر كاتێك ئەو پیاوە دەبینم بێز لە خۆم دەكەمەوە. كاتێك دێتە ماڵمان زۆر دەترسێم، یەكسەر دەچمە لای دایكم. ئەگەر ئەمجارە داوام لێبكاتەوە دڵنیام خۆم و ئەویش دەكوژم".

ژیلەمۆ دەڵێت بۆ ئەو كچە روونكرایەوە كە ئێمە ئەفسەری ئافرەتمان هەیە دەتوانێت بە جلی مەدەنی سەردانی ماڵەوەتان بكات و قسە لەگەڵ خوشك و دایكت بكات و كێشەكەت بۆ چارەسەر بكات، یان خۆت بەشێنەیی بابەتەكە لەلای خوشك و دایكت باس بكە، بەڵام ئەو كچە بەو چارەسەرە رازی نەبوو، ئامادەش نەبوو ناونیشانی خۆی ئاشكرا بكات. بۆیە ناچاربووین لایەنە یاساییەكەی دۆسیەكەی بۆ روون بكەینەوە.

ژیلەمۆ لە کۆتایی وتارەکەیدا نوسیویەتی لە یاسادا بەپێی ماددە 393 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە دەكرێ‌. ماددەكە دەڵێت "سزا دەدرێت بە حەپسكردنی هەتاهەتایی یان كاتی، هەر یەكێك بەبێ‌ رەزامەندی لەگەڵ ژنێك جووت ببێ‌، یان لەگەڵ نێرێك یان مێینەیەك بەبێ‌ رەزامەندی یان رەزامەندی نێربازی بكات. بە زەرفی موشەدەد دادەنرێ‌ لە حاڵەتی یەكەم: ئەگەر تاوانلێكراو 18 ساڵی تەواو نەكردبێ‌. دووەم: تاوانلێكراو خزمی پلە سێی تاوانبار بوو، یان پەروەردەكاری تاوانلێكراو بوو، یان ئەركی چاودێریكردنی تاوانلێكراوی لە ئەستۆ بوو، یان تاوانلێكراو خزمەتكاری تاوانبار بوو......".



PM:09:31:23/06/2017