وێنەكەی ببینە.. ئایا ئەبوبەكر بەغدادی كوژراوە؟

میدیاكانی روسیا هەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی داعشیان بڵاوكردەوە كە گوایە لەم مانگەدا لە هێرشی فرۆكەكانی ئەو وڵاتە لەسوریا كوژراوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند "پێدەچێت ئەبوبەکر بەغدادی سەركردەی داعش لە ئەنجامی هێرشێکیان بۆ سەر شاری رەققە لە کۆتایی مانگی 5 کوژرابێت".

وەزارەتی بەرگریی رووسیا زانیاری وردتری سەبارەت بەو هێرشە خستووەتەڕوو بەوەی "هێرشەکەیان لەمانگی رابردوودا ژمارەیەک سەرکردەی داعشی لەرەققە کردووەتە ئامانج و پێشبیندەکەین ئەبوبەکر بەغدای لەنێو کوژراوەکاندابێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە دروستی هەواڵەکە دەکەنەوە".

بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ، گومانی هەیە لەو هەواڵە و رایگەیاند "ناتوانن هەواڵەکەی رووسیا لەبارەی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی پشتڕاست بکەنەوە".



AM:09:54:24/06/2017