پەکەکە شکستی هێرشەکانی سووپای تورکیای لەناوچەی ئامەد راگەیاند

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە بەرفروانەکانی سوپای تورک لە ئامەد، زاپ، بۆتان و چەندین شوێنی دیکەی باکوری کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا شکستی ئەو هێرشانەی راگەیاند.
 
لەو ڕاگەیەندراوەی هێزەکانی پاراستنی گەلدا هاتووە "هێرشەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک بۆسەر پارێزگای ئامەد لە کۆتاییەکانی مانگی ئایارەوە دەستیپێکرد، پاش ئەوەی هێزەکانمان وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە، سوپای تورک ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوانترکرد و بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر بەردەوامیی دا بە هێرشەکانی، بەڵام لە بەرامبەر تاکتیکی بەرگریی هێزەکانی گەریلا هیچیان پێنەکرا و سەرنەکەوتن".
 
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوپای تورک پاش ئەوەی لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیدا سەرنەکەوت بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵیکوتایە سەر گەل، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا ڕێگایان بە هاوڵاتیانی گوندەکان نەدەدا کە لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە و زیانیان بە هاوڵاتیان گەیاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکەیان سەرئەنجام شکستی هێنا و سەرنەکەوت".
 
نەپەگە، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورک لە هەرێمی زاپ-ی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیاش ڕایگەیاند:"سوپای تورک لە هەرێمی زاپی ناو خاکی باشوری کوردستاندا یەکێک لە بەرفراوانترین ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ساڵی ڕابردووی دەستپێکرد، لە ڕۆژی ١٦ی مانگەوە هەوڵدانی دەستپێکرد بۆ تێکشکاندنی هێڵی بەرگری هێزەکانمان، بە هەموو کەرەستە سەربازییەکان، فڕۆکەی سیخوڕی و فڕۆکەی جەنگی و چەکی قورس بەردەوامی بە هێرشەکانیدا، بەڵام گەریلاکان دژی ئەو هەوڵدانانە دەیان چالاکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا و شکستیان بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنا".
 
نەپەگە، ڕاشیگەیاندووە:"سوپای تورک هەروەها لە قلەبانی سەربە شرناخ لە دەوروبەری گوندی هیلال، مژین و شریفە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش لەلایەن گەریلاکانەوە تێکشکێندرا و سوپای تورک ناچاربوو سەرئەنجام پاشەکشە بکات".
 
لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلدا هاتووە:"بەرخۆدانی گەورەی گەریلاکان لە ئامەد، زاپ و شرناخ دەیسەلمێنێت کە سوپای تیکنۆلۆجی تورک ناتوانێت لە بەرامبەر شێوە داهێنەرانەکانی گەریلاکان بۆ بەرگری لە خۆ سەربکەوێت، لە بەر ئەوەش ئێمە وەکو فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل دەستخۆشی لە هەموو گەریلاکان دەکەین و ئەو سەرکەوتنەیان لێ پیرۆزدەکەین".



AM:09:07:25/06/2017