كادیرێكی دیاری پارتی كۆچی دوایی كرد

شەوی رابردوو عەبدولواحید گوانی كەسایەتی دیاری دەڤەری سۆران ، بە نەخۆشی لە نەمسا كۆچی دواییكرد .

عەبدولواحید گوانی ، سەرۆكی بۆردی ناشناڵپاركی هەڵگورد-سەكران و، سەرۆكی كۆمەڵەی پەككەوتەی سۆران و قایمقامی پێشووی قەزای چۆمان ، بە نەخۆشییەكی سەخت، شەوی رابردوو لە نەمسا كۆچی دواییكرد .

عەبدولواحید گوانی ، كە كادیرێكی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو ، لەساڵانی هەشتاكانی سەتەی رابردوودا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی حیزبی بەعسەوە گیرا ، بەهۆی ئەندامێتی لە رێكخستنەكانی پارتیدا ، لە ئەنجامی ئەشكەنجدانی سەخت و درێژی لە زیندانەكانی بەعسدا ، تاوەكو دوایین رۆژەكانی تەمەنی بەدەست شوێنەوارەكانی ئەو ئەشكەنجەدانەوە دەیناڵاند.

بەپێی قسەی زۆر لە خەڵكی دەڤەری سۆران و چۆمان ، عەبدولواحید گوانی خزمەتێكی زۆری ژینگە و سرووشتی ناوچەكەی كرد و ناشناڵپاركی هەڵگورد – سەكران كە ئێستا یەكێكە لە ناشناڵپاركە دیارەكان و لەدوایین ریزبەندیدا كەلەلایەن سی ئێن ئێنی ئەمریكییەوە بڵاوكراوەتەوە ناوی لە ریزی 18دا هاتووە، بە بیرۆكە و ماندووبوونی ئەو دروستكرا .

هەروەها عەبدولواحید گوانی خزمەتێكی زۆریشی پێشكەشی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان كرد بە دامەزراندن و سەرپەرشتیكردنی كۆمەڵەی پەككەوتەی سۆران.



PM:03:14:26/06/2017