بەغدا کێشەیەکی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەردەکات

مانگی داهاتوو هەردوو لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر و سلێمانی دەکرێتەوە و بەشێک لە کێشەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم چارەسەر دەبێت.

بڕیاروایە سەرەتای مانگی داھاتوو ھەردوو لقی بانکی ناوەندی عیراق لەشارەکانی ھەولێرو سلێمانی بکرێنەوە و یەکێک لەکارەکانیان نوێکردنەوەو گۆڕینی پارە دڕاو کۆنەکانە.

ماوەی سێ ساڵە حکومەتی عیراق پارەی نوێی بۆ ھەرێمی کوردستان نەناردوە، ئەو پارانەش کە بەفەرمانبەران دەدرێت مانگانە بەشێکی دڕاو و کۆنە و مامەڵەی پێوەناکرێت، ئەوەش بۆتە کێشە بۆ فەرمانبەر و ھاوڵاتیان.

سەبارەت بەو پرسە عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بە میدیاکانی یەکێتی ڕاگەیاندووە "لەبانکی مەرکەزیدا پارەی کۆن و دڕاو ھیچ کێشەیەکی نییە، تەنھا گرنگ ئەوەیە ژمارەکانی سەر پارەکە جیاواز نەبن، بەڵام لەھەرێم بەشێوەیەکی قورس مامەڵە لەگەڵ پارەی دڕاو کۆندا دەکرێت".

ئاشکراشی دەکات "بەکردنەوەی ھەردوو لقی بانکی ناوەندی عیراق لەھەولێرو سلێمانی ئەو کێشەیە بۆ فەرمانبەران و ھاوڵاتیان چارەسەردەکرێن، چونکە لەڕێگەی ئەو لقانەوە پارە کۆن و دڕاوەکانیان بۆ دەگۆڕدرێت، واتە یەکێک لەکارەکانی ئەو لقانە مەمەڵەکردنە بەپارەی کۆن و دڕاو".

بەوتەی ناوبراو لەبانکەکانی دیکەش لەھەرێم دەتوانرا ئەو ئاڵوگۆڕەی پارەی دڕاو کۆن بکرێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت "خۆیان بەپێویستیان نەزانیوە، واتە خۆیان لەوکارە دورخستۆتەوە، ئەوەش ھاوڵاتی زەرەرمەندە و باجەکەی دەدات".



PM:01:35:27/06/2017