ئەمریکا: سوریا ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات
ڕووسیا و ئێران: هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا قبوڵکراو نین

کۆشکی سپی و پنتاگۆن ڕایانگەیاند کە سوریا ئامادەکاری کرداری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی و ڕوسیا و ئێرانیش دەڵێن تۆمەتەکان ساختەن.

جێف دەیڤس، وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند "ئەمریکا ئاگاداری ئامادەکارییەکی حکومەتی سووریایە کە بەنیازە لە بنکەی سەربازی شوعەیرات هێرشی کیمیایی ئەنجامبدات".

پێشتریش کۆشکی سپی هەڕەشەی لە حکومەتی بەشار ئەسەد کرد کە بە توندی باجی ئەو کارە دەدەن و هۆشداری توندیشیدا لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

ئەمڕۆ دیمیتری پیسکۆڤ، تەبێژی سەرۆک کۆماری رووسیا رایگەیاند "هیچ زانیارییەکمان لەبەردەست نییە سەبارەت بە ئامادەکاری سووریا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەو هەڕەشانە بۆ سەر حکومەتی سووریا بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نین"

هەروەها جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە توویتێکدا وتی "تۆمەتە ساختەکانی ئەمریکا هەوڵێکی دیکەی مەترسیدارە کە رەوشەکە لە سووریا قوڵتردەکاتەوە، هاوکات خزمەت بە داعش دەکات کە ئێستا لەلایەن هێزەکانی عێراق و سووریا لەنێودەبرێن".



PM:09:14:27/06/2017