بارزانی هیوا ده‌خوازێت ئه‌مەریکا رێز له بڕیاری خه‌ڵکی کوردستان بگرێت
مه‌سعود بارزانی دووپاتی ده‌کاته‌وه، سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌ر رووده‌دات و ئه‌نجامی ریفراندۆم به پابه‌ندبوون بۆ حکوومه‌ته‌کانی داهاتووی کوردستان داده‌نێت.
بارزانی له وتارێکی تایبه‌تدا که بۆ رۆژنامه‌ی (واشتن پۆست)ی ئه‌مریکی نووسیوه، به وردی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان کردووه.
بارزانی له‌و وتاره‌که‌یدا، ئاماژه به‌وه ده‌کات، پێویسته حکوومه‌ته‌کانی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند بن به ئه‌نجامه‌کانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، له‌هه‌مان کاتدا راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و راوێژکردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێوه‌سته.
دووپاتی ده‌کاته‌وه، "دانوستانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا واقیعبینانه ده‌بێت و خاڵی هه‌ره ناکۆک ئه‌وه ده‌بێت که چ ناوچه‌یه‌ک دێته سه‌ر کوردستان".
بارزانی روونی کردووه‌ته‌وه، رۆژی 25ی ئه‌یلوول خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له ریفراندۆمێکدا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن که له‌گه‌ڵ عێراق بمێننه‌وه یان سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نن، ده‌نگدانه‌که بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌که که ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق کۆنه و حکوومه‌تی به‌غداش ساڵانێکه خواست و هیواکانی گه‌لی کورد پێشێل ده‌کات و وه‌ک هاووڵاتی پله هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کورد ده‌کات.
هه‌ر له‌و وتاره‌یدا بارزانی دڵنیایی له‌وه‌ش ده‌دات که ریفراندۆم هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نییه بۆ سه‌ر هیچ لایه‌ک و ده‌ڵێ، "دیاریکردنی چاره‌نووس مافێکی ره‌وای هه‌رێمی کوردستانه و ده‌ستکاری سنووری هیچ وڵاتێکی دراوسێ ناکات و نه‌ک هه‌ڕه‌شه نییه بۆ هیچ لایه‌نێک، به‌ڵکو ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری زیاتری ناوچه‌که و پێوه‌ندی نێوان کورد و عاره‌ب له عێراقدا به‌هێزتر ده‌کات".
بارزانی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان وه‌ک حاڵه‌تێکی حه‌تمی ده‌بینێت و دووپاتی ده‌کاته‌وه، "سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌ر رووده‌دات".
بارزانی له وتاره‌که‌یدا به‌وردی تیشکی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی به کورد دران، هه‌روه‌ک شکاندنی بنه‌مای شه‌راکه‌تی یه‌کسان له نێوان کورد و عه‌ره‌ب له سه‌ره‌تای دروستکردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و پاشان کیمیاباران کردنی گه‌لی کوردستان و وێران کردنی هه‌زاران گوندی کوردستان و ئه‌نفالکردنی 182 هه‌زار که‌س له خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌دام حوسێن له ساڵانی 1980ه‌وه.
ئه‌وه‌شی بیر هێناوه‌ته‌وه که له پاش 2003ه‌وه، لایه‌نی عێراقی چه‌ندین ماده و بڕگه‌ی گرنگی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی پێشێل کردووه و جێبه‌جێی نه‌کردووه و جێبه‌جێش ناکرێن، له‌ناویاندا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌کردنی ماده‌ی 140ی تایبه‌ت به که‌رکووک و ناوچه کوردستانییه‌کان ده‌کات که ده‌بوو له تا 31ی دیسه‌مبه‌ری 2007 جێبه‌جێ بکرێت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کردووه، "کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت پێوه‌ندییه‌کی باشتر و به‌هێزتر له‌وه‌ی ئێسته‌ی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی به‌غدا هه‌بێت و ده‌بێته دراوسێیه‌کی باش".
هه‌روه‌ک هیوای ئه‌وه ده‌خوازێت که ئه‌مریکا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێز له ویست و خواست و بڕیاری دیموکراتیانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بگرن و ده‌ڵێ، "پاش زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی کورد به زۆر له عێراق بژی، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته نه بۆ ئێمه و نه بۆ عێراقییه‌کان سوودی نه‌بوو".
PM:06:05:28/06/2017