بەرهەم ساڵح لیست ڕادەگەیەنێت؟

دەنگۆی دروستکردنی لیستێک لەلایەن بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بڵاودەبێتەوە، کەسێکی نزیکی زانیاری لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات.

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە د. بەرهەم ساڵح، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی لیستێکی نوێیە بۆ هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. یەکێک لەو کەسانەی ناویشی لەنێو لیستەکەدا هاتووە سالار مەحموود، پەرلەمانتاری یەکێتییە لە پەرلەمانی کوردستان و دەوترێت لە گەرمیان سەرۆکی لیستەکە دەبێت.

لەوبارەیەوە سالار مەحموود، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کەناڵی رووداو رایگەیاند "بەرهەم ساڵح حیزبێک دروست ناکات، هەموو تەمەنی سیاسی خۆی لەنێو یەکێتی بەبێ پچڕان و ترازان بەسەربردووە، گەیشتووەتە پلەی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، متمانەی مام جەلال و کۆنگرەی بەدەستهێناوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەم ساڵح یەکێکە لە سەرکردە نیشتمانییەکان و بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیشی سەلماندووە کە پیاوێکی دەوڵەتمەدارە، دەکرێت بۆ ئێستا و ئاییندەی کوردستان متمانەی زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێبکرێت، نەک تەنها لیستێک بۆ لایەنێک یان لەنێو لایەنێکدا بۆ بەشێک دروست بکات.

بەبۆچوونی سالار مەحموود، لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وەک دوو کاریزما و دوو رێبەری یەکێتی، رۆڵی بەرهەم ساڵح زۆر قورستر و هەستیارتر دەبێت. وتیشی "ئەو بڕوای وانییە نە حیزب دروست بکات، نە ئینشیقاق لەنێو یەکێتیدا بکات، نە بەوجۆرەی دەوترێت لیست دروست بکات، بەڵام ئەو تێڕوانینی وایە بەرەیەکی نیشتمانی لەدەرەوەی ئەم جۆرە حیزبایەتییە تەقلیدییە دروستبکرێت".

لەبارەی ئەوەش بەرهەم ساڵح بەپێویستی دەزانێت تایبەتمەندی ئەم بەرە نیشتمانییە چیبێت سالار مەحموود وتی "سبەی ئەگەر هەڵبژاردن کرا، پرسە نیشتمانییە چارەنووسسازەکان بکرێنە سەرمەشقی پرسە بایەخپێدراوەکان، لە عوقدەی ناوچەگەرێتی، هەولێر و سلێمانی، بادینی و سۆرانی، ئیسلامی و عەلمانی بێینەدەرەوە".


AM:12:12:29/06/2017