كۆتایی داعش لە موسڵ ڕاگەیەندرا
ئەو مزگەوتەی بەغدادی تێدا بووە خەلیفەی داعش كۆنترۆڵكرایەوە

كەمێك لەمەوبەر كۆتایی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ ڕاگەیەندرا و سوپا كۆنترۆڵی ئەو ئەو مزگەوتەی كردەوە كە بەغدادی تیایدا خۆی وەك خەلیفەی داعش ڕاگەیاند.

 ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩ی حوزەیران لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، داعش لە هیچ شوێن و ناوچەیەكی موسڵدا نەماوە كە دەستی بەسەردا بڕوات و ڕێزەكانی بە تەواوی هەرەسیان هێناوە و هێزە ئەمنییەكان كۆنتڕۆڵی تەواوی موسڵیان كردووە".
 لەلایەكی ترەوە تەلەفزیۆنی عێراقییە ڕایگەیاند "بوونی داعش لە شاری موسڵ كۆتایی هات و دەوڵەتی خورافە كەوت".

هاوكات ئەمڕۆ شانەی جەنگی سوپای عێراق ڕایگەیاند، هێزەكانی دژە تیرۆر كۆنترۆڵی تەواوەتی مزگەوتی گەورەی نورییان كرد لە بەری ڕاستی موسڵ، كە هەفتەی ڕابردوو چەكدارانی داعش تەقاندیانەوە.

شانەی جەنگی سوپای عێراق ڕایگەیاند، شەڕی ناوچەی موسڵی كۆن بەرەو كۆتایی چووە و ئەو چەكدارانەی داعش كە لە ناوچەكە ماونەتەوە توانای بەرگری و شەڕكردنیان نەماوە، بەو هۆیەشەوە راگەیاندنی سەركەوتن زۆر نزیكە.

كۆنترۆڵكردنی دوا شوێن لە شاری موسڵ و كەوتنی دەسەڵاتی داعش لە شارەكە، هاوكات بوو سێهەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی خەلافەتەكەی داعشك دواتری ئەبوبەكر بەغدادی لە مزگەوتی گەورەی نوری لە بەری ڕاستی موسڵ لە ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا  لە وتاری هەینیدا خۆی وەك خەلیفەی موسڵمانان ناساند و داوای كرد پابەندی بڕیارەكانی بن.

ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران حەیدەر عەبادی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، بەم نزیكانە هەواڵی كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شاری موسڵ ڕادەگەیەنن.

لە ١٩ی شوباتی ڕابردوودا ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕۆژئاوای موسڵ دەستی پێكرد و لە چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار كەس ئاوارە و دەربەدەربوون.



PM:03:02:29/06/2017