یەکێتی: خائینترین هێزی سیاسی لە مێژووی کورددا پارتیە

پەرلەمانتارێکی یەکێتی وەڵامێکی توندی پەرلەمانتارێکی پارتی دەداتەوە و دەڵێت "خائینترین ھێزی سیاسی لەمێژوی کورددا پارتییە".

پەرلەمانتارێکی یەکێتیی لەبەرامبەر ھێرشکردنە سەر حزبەکەی بەتوندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی پارتی دەداتەوە.

دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری پارتی لەئەکاونتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ھێرشیکردۆتە سەر یەکێتیی و بە"خائین و خۆفرۆش" ناوی بردوە و داوای لەمەسعود بارزانی کردوە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک قسە بکات، نەک یەکێتیی.

لەبەرامبەردا قادر ڕەزگەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان لەڕێگەی میدیاکانی حزبەکەیەوە وەڵامێکی توندی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دایەوە و ڕایگەیاند "خائینترین ھێزی سیاسی لەمێژوی کوردا، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵگەشمان بۆئەوە خیانەتی ٣١ی ئاب و ھێنانی فڕۆکەی تورکی و جەیشی تورکیایە بۆناوخاکی ھەرێم".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت "ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتیمانیە، بۆیە ناکرێت بەمەزاجی تاکەکەسی و بەبڕیاری حزبێک بەڕێوەبچێت، با پارتی لەسەر کورسیەکەی بارزانی کە ڕەوشی سیاسی و دارایی لەوڵات شێواند قسەبکات و مل بۆ بەرژەوەندیە گشتیەکان بدات".

ڕەزگەیی جەختیکردەوە، "ڕیفراندۆم پێویستی بەبڕیارو یاسای پەرلەمانی کوردستانە، دواتر پارتی بیری چۆتەوە، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٣وە دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی ھەڵگرتوە، ئەوکات ئەسڵەن پارتی باوەڕی بەمافی چارەی خۆنوسینیش نەبوو".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "نازانم پارتیەکان چۆن لەڕویاندێت باسی خیانەت بۆ خەڵک و نیشتیمانپەروەری بۆخۆیان بکەن".



PM:11:36:06/07/2017