پۆلیس زانیاری لەسەر کوژرانی مامۆستا ئاینیەکە ئاشکرا دەکات

 

تەرمی مامۆستا ئاینیەکەی قەڵادزێ ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی دەکرێت و پۆلیسی ڕاپەڕینیش زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.

 

لەپاش نوێژی هەینی مامۆستایەکی ئاینی کە هاوکات بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامیە کوژرا.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ماڵپەڕی "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "تەرمی ئەو مامۆستا ئاینیە بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کراوە و تا ئێستا هۆکاری ئەو ڕووداوە دیار نیە".

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشدا کە بکوژەکە هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە، بە وتەی کەسوکارەکەشی کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسدا نەبووە.

وتیشی دوای توێکاری تەرمەکەی زانیاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە.

"سپی" بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.


مامۆستا حازم سدیق عەلی، ناسراو بە (مەلا ئەحمەد دێرێ)، بەرپرسی لقی زانایانی کۆمەڵی ئیسلامیە کاتژمێر 1ی پاش نیوەڕۆ دوای تەواوبونی وتاری هەینی لەبەردەم مزگەوت تەقەی لێکراو کوژرا.

ناوبراو  وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی رەحمانە لە گەڕەکی گربداخ لەقەڵازێ  و لە دایکبووی ساڵی 1972ـە و دانیشتووی گەڕەکی ئاشتییە لە قەڵادزێ و خاوەنی چوار کوڕ و کچێکە.

 بەهۆی ئاکاری میدیایی و بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی بۆ سەر دەروونی خوێنەران نەبێت وێنەکە تەڵخکراوە


خالید ئەحمەد



PM:05:08:07/07/2017