دەمیرتاش بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەوروپا کاندید دەکرێت

گروپی چەپ لە یەکێتیی ئەوروپا سەلاحەدەین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی بەندکراوی هەدەپەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی "واتسلاو هاو" لە ساڵی 2017 کاندید کردووە.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی بەندکراوی ئەو پارتە بە بۆنەی هەوڵی بێوچانی لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەلایەن گروپی چەپی ئەوروپا (UEL) بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی واتسلاو هاول پاڵێواراوە.

خەڵاتی مافی مرۆڤی واتسلاو هاول بەهاکەی 60 هەزار یۆرۆیە کە هەر ساڵە لەلایەن کۆمەڵەی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا (PACE)ییەوە بە چالاکوانانی ناسراو هەڵسووڕی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ دەبەخشرێت.

(UEL) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش بەهۆی هەوڵی ئاشتیخوازانە و تەقەلای بێوچانی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد، هەروەها هەوڵدان لەپێناو جێگیرکردنی دادپەروەری لە تورکیا، شایستەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە دەمیرتاش کە سیمایەکی ناسراوی بزووتنەوەی کورد لە باکوور و تورکیایە، سەرەڕای دۆخی ناجێگری جەستەیی لە زیندان، درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەدایکبووی ساڵی 1973ی شاری "پاڵووی"ی سەر بە پارێزگای "ئەلەزیز"ی باکووری کوردستانە و خاوەنی بڕوانامەی بواری یاسایە و هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان و لە پاریزگای هەکاری توانیویە ببێتە ئەندام پەرلەمانی تورکیا.

ڕێکەوتی 2017/5/20 داواکاری گشتیی تورکیا مافی پارێزبەندیی یاسایی لە زیاتر لە 150 نوێنەری پەرلەمانی تورکیا سەندەوە کە کە بەشێکی زۆریان پەرلەمانتاری هەدەپە بوون، پاش ئەو بڕیارە ڕێکەوتی 2016/11/4 سەلاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ نزیکەی دە پەرلەمانتاری دیکەی کورد لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کرا و پاشان شەپۆلێک لە دەستگیرکرانی ئەندامانی هەدەپە دەستی پێ کرد.

بڕیارە 2017/11/24 لە دادگای ئەو وڵاتە دەمیرتاش دادگایی بکرێت و بە دەیان پارێزەری کوردیش ڕایان گەیاندووە پشتگیری لە دۆسیەی سەڵاحەدەین دەمیرتاش دەکەن.



PM:12:36:09/07/2017