هێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنوسەکەی هەولێر کاردانەوەی لێکەوتەوە

سەنتەری میترۆ ئیدانەی هێرشکردنە سەر ئیبراهیم عەباسی ڕۆژنامەنوس و دەستبەسەرکردنی شاعیرێک دەکات و ڕایدەگەیەنێت " ئازاردان و دەستبەسەرکردن ناوبانگی هەرێم لەکەدار دەکات".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ:

11ی تەموزی 2017: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی لێدان و ئازاردان و دەستبەسەركردنی چالاكوان و رۆژنامەنوسان دەكات و رایدەگەیەنێت ئازاردان و دەستبەسەر كردن، ناوبانگی هەرێم لەكەدار دەكەن نەك دەربڕینی ئازاد.
ئێوارەی دووشەممە لە ناوشاری هەولێر هێزێكی چەكدار دەستدرێژی دەكەنە سەر رۆژنامەنوس ئیبراهیم عەباس و برینداریان كرد و رەوانەی نەخۆشخانە رزگاری كرا.

ئیبراهیم بە میترۆی راگەیاند " چەند چەكدارێك هێرشیان بۆ هێنام بەدار و داری كارەبایی لێیاندەدام  لەچەند لایەكی لەشم بریندارم بە تایبەتیش سەرم".

ئیبراهیم عەباس پێشتر لەدەزگای راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كاریكردووە، لە سەرەتای مانگی ئایاردا دەستگیركراو سێ رۆژ لە ئاسایش دەستبەسەربوو،  پاش ئازادكردنی رایگەیاندبوو " بارزانی بەدەم كێشەكەوە چووە"

سەنتەری میترۆ پێشتر هەڵوێستی روونی خۆی لەسەر دۆسییەی ئیبراهیم دەربڕیوەو ئیدانەی دەسگیركردنی كردوەو داوای كردوە دەسبەجێ ئازاد بكرێت.

هەروەها هەمان رۆژ هێزێكی ئەمنی ئومێد ئەحمەدی‌ شاعیریان دەسگیركردوە پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كرا.

ئومید بە میترۆی راگەیاند لەناو ئاسایشی سێ تاقان لەسەر ئەو پۆستانەی لە فەیس بوك بڵاویاندەكەمەوە  لێكۆڵینەوەم لەگەڵ كرا جەختیكردەوە " پێیانوتم هەرچی‌ دەنوسی‌ بنوسە، بەڵام لەسەر پارتی‌‌و بارزانی‌ بنوسی‌ دەكوژرێیت".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی لێدان و ئازادان و دەستبەسەركردنی چالاكوان و رۆژنامەنوسان دەكات، رایدەگەیەنێت لیدان و ئەشكەنجەدانی ئیبراهیم عباس و لێكۆڵینەوەو هەڕشە لە ئومیدی ئەحمەدی شاعیر ئەوەنەی تر ئەزمونی هەرێمی كوردستان لەكەدارتر دەكات.

میترۆ جەختدەكاتەوە " ئازاردان و ئەشكەنجەو هەڕەشەو دەستبەسەر كردن لەسەر بیروڕای ئازادانە ناوبانگی هەرێم لەكەدار دەكەن نەك دەربڕینی ئازاد".

میترۆ داوا لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت دەكات دەستبەجێ فەرمان دەربكەن بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی جدی لەم دەستدرێژیانە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین بكرێت و تاوانباران بدرێنە دادگا.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:12:56:11/07/2017