بکوژانی فەرمانبەرەکەی ئەوقافی هەولێر لەسێدارە دەدرێن

دادگای هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سێ کەس دەرکرد بە تاوانی کوشتنی مەحمود عوسمان فەرمانبەر لە وەزارەتی ئەوقاف.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تەمموز دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی کوشتنی مەحمود عوسمان فەرمانبەرەکەی وەزارەتی ئەوقاف لە هەولێر بەڕێوەچوو، پارێزەری کەیسەکە لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بۆ میدیاکاران ڕایگەیاند  "ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سێ کەس بە تاوانی کوشتنی مەحمود عوسمان دەرکرد".

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی تر لەو کەسانەی تۆمەتبار بوو بە کوشتنی مەحمود عوسمان هەڵاتووە و لە داهاتوودا بە ئامادەنەبوو دادگا بڕیار لەسەر سزاکەی دەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت تاوەکو ئیمزای لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێت.

شەوی ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، مەحمود عوسمان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە هەولێر بە چوار گوللـە کوژرا.

ناوبراو فەرامانبەری وەزارەتی ئەوقاف بووە و هەروەها ژمێریاری کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی درا بووە، هاوکات پێشتریش وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی سەیداوای هەولێر بووە.
مەحمود عوسمان خێزاندار بوو خاوەنی سێ منداڵ بوو (دوو کوڕ و کچێک).



PM:01:37:13/07/2017