یەکێتی لەلایەن ئێرانەوە میوانداری دەکرێت
"پەیوەندی بڕیفراندۆمەوە هەیە"

بڕیارە ١٦ تەموز وەفدێکی باڵای یەکێتی لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی ئێران بگاتە تاران و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، تەوەرەی سەرەکی سەردانەکە پەیوەندی بە "ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەو وەفدە باڵایەی یەکێتی کە بڕیارە لەم دوو رۆژەدا بچە تاران و ١٦ ی تەموز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببنەوە، لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی ئێران بووەو پەیوەندی راستەوخۆی بە پرسی "ریفراندۆمی هەرێم کوردساتنەوە " دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتووە، وەفدەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەم و و ئەندامێتی مەلا بەختیار و مەحمود سەنگاوی و بافڵ تاڵەبانی و د. خەسرەو گووڵ محەمەد، دەبێت.

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بە ئاشکرا دژی هەرجۆرە ریفراندۆمێکن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ڕای خۆیان بە ئاشکرا بە وەفدی  سەرکردایەتی یەکێتی رادەگەیەنن و داواشیان لێدەکەن کە ریفراندۆمەکە نەکرێت.

میوانداریکردنی ئەم وەفدەی یەکێتی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە راگەیاندنی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لەسەر پرسی ریفراندۆم وەفدێکی یەکێتی سەردانی وڵاتانی ئیقلیمی دەکات.

دوێنێ ١٣ ی تەموزیش، جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پێشوو عێراق لە میواندارییەکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو بوو، لە ڕێگای فڕۆکەخانەی سلێمانیشەوە گەڕایەوە ئەو شارە.

  



PM:12:52:14/07/2017