هەدەپە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردەوە

پارتى دیموکراتیکى گەلان ڕایگەیاند ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان مافێکى ڕەواى دیموکراتیکە و بڕیارى ڕیفراندۆم لەبەر ئەوەى پشت بە ئیرادەى گەل دەبەستێت و دەیەوێت قەیرانەکان لە ڕیگەى ئیرادەى گەلەوە چارەسەر بکات، کارێکى دیموکراتیکە.


لیژنەى بەڕێوەبەرى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ڕاگەیاندراوێکى لەبارەى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەو هێزەى بتوانێت سیستمى ئیدارى و سیاسى دیارى بکات، ئیرادەى گەلى ئەو ناوچەیە. ئەو گەلانە کە باسیان لێدەکرێت، لە هەمان کاتدا ئاشتى ئارامیى ئەو ناوچانە دابین دەکەن".

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى لیژنەى بەڕێوەبەرى ناوەندیى (هەدەپە)دا ڕوونکراوەتەوە "بڕیارى ڕیفراندۆم لەبەر ئەوەى پشت بە ئیرادەى گەل دەبەستێت و دەیەوێت قەیرانەکان لە ڕیگەى ئیرادەى گەلەوە چارەسەر بکات، کارێکى دیموکراتیکە. هەروەها بۆ مافى خۆبەڕێوەبەرى کارێکى مێژووى و ڕەوایە. بڕیارى ڕیفرندۆم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، نمونەیەکە کە دەیەوێت، قەیرانى ١٠٠ ساڵە، بە شێوەیەکى دیموکراتیک چارەسەر بکات".

هەدەپە ڕاشیگەیاندووە "ئێمە ئومێد دەکەین کە ئەو بڕیارە ئاشتییەکى هەمیشەىی و کولتورى دیموکراسى بەرەو پێش ببات، چونکە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و مەشروعبوونى، جێگاى هیچ موناقشەیەک نییە. دەبێت هەموو حزبەکانى هەرێم، بەشێوەیەکى ئازاد و یەکسان بچنە ناو ئەو پرۆسەیەوە. دەبێت دەستبەجێ بۆ دروستکردنى یەکێتیى نەتەوەیى، کۆنگرەى نەتەوەیى ئەنجام بدرێت. بۆ ئەوەش دەبێت پەرلەمان بۆ ئەو پرۆسەیە کارا بکرێتەوە تاوەکو وەک ناوەندێکى کاریگەر بڕیارى ئازادانە بۆ هەرێم دەربکات".
لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى هەدەپەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەک پارتى دیموکراتیکى گەلان، ئومێد دەکەین کە ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستان، بەپێى بنەما و پێوەرە دیموکراتیک و شەفافەکان ئەنجام بدرێت و هیچ گرفتێک و موناقشەیەک بۆ مەشروعیەتبوونەکەى دروست نەبێت. ئێمە ئومێد دەکەین، ئەو ڕیفراندۆمە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ببێتە هۆى ئاشتییەکى هەمیشەیى و برەودان بە کولتورى دیموکراسى".



PM:07:42:14/07/2017