" پەکەکەو پارتی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە"

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایدەگەیەنێت، ماوەیەک لەمەوبەر ھەردوو لایەنی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرئاستی باڵا کۆبونەتەوە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "ھێڵی سێیەم"ی رادیۆی نەوا، ئەمڕۆ ١٥-٧ د. کامەران بەرواری ئاشکرای کرد " ماوەیەک لەمەوبەر سەرکردایەتی پارتی و پەکەکە لەسەرئاستی باڵا کۆبونەتەوە، کاتێک سەردانی قەندیلیشمان کرد پەکەکە ھەموو ئامادەییەکی نیشاندا تاکو بە دیالۆگ و دانوستان ھەموو کێشەکان و ناکۆکییەکان لەنێوان ھێزە کوردستانییەکان چارەسەر بکات، ئەگەر بێتو پارتیش ئامادەبێت بۆ نمونە نێوندگیری "کەنەکە" قبوڵ بکات، ئەوا دەتوانین لەماوەی ١٠ رۆژی داھاتودا ھەموو کێشەکانی باشوور چارەسەر بکەین".

 سەبارەت بە دەستپێکردنی کۆبونەوەی راوێژی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان، د. کامەران بەرواری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەبارەت بە یەکڕیزی ھێزو لایەنە سیاسییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ھەر ئەگەرێک رایگەیاند" پێویستە یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزییەکەی لەسەر ئاستی ھەرچوار پارچەی کوردستان بێت و بۆئەوەش زەمینەسازی کراوەو لایەنەکان لەیەکتری نزیکن. لەتوانادا ھەیە کۆنسەیەکی سەربازی پێکبھێنرێت. رۆیشتنی لەشکریش بۆ کۆبانێ و شنگال و کەرکوک زامنی پاراستنی دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانە".



PM:09:20:15/07/2017