ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر ریفراندۆمی هەرێم بە کورد راگەیاند

یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رای وڵاتەکەی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی راگەیاندو وتی" ریفراندۆم دەبێتە هۆی كەنارگیربوون و لاوازبوونی هەرێم و عیراق بەگشتی".

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە عەلی شەمخانی، لەمیانەی پێشوازیكردنی لە وەفدە باڵاكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، كە بە سەردانێك لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێرانن، رایگەیاند": داواكردن بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە عیراق لەرێگای ریفراندۆمەوە، هیچ كام لە داواكاری و پێداویستییە راستەقینەكانی گەلی كورد بەدیناهێنێت".

شەمخانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە" هەرچەندە ئەو بابەتە سەنجڕاكێشە، بەڵام لە راستیدا دەبێتە هۆی سەپاندنی گۆشەگیریی و گوشارخستنەسەر كوردانی عیراق، سەرەنجامیش بە لاوازبوونی هەرێم تەواو دەبێت.

شەمخانی خواستی وڵاتەكەشی بەرامبەر گەلی كوردو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد، كە بریتییە لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری.



PM:07:39:17/07/2017