"دابەشكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕاگیراوە"

سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات دابەشكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕاگیراوە و ناشزانرێت كەی موچەی تەواوی لیوا هاوبەشەكان و هێزەكانی یەكەی 70 و 80 دابەشدەكرێت.

بەرپرسێك لەیەكەی ژمێریاری و موچەی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ڕاگەیاندووە، تائێستا نازانن كەی موچەیان پێدەدرێت، بەڵكو تەنها ئەوەندە ئاگادارن، كە ئەمڕۆ موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و چوار لیوا دابەشكراوە.

هەروەها دەڵیت "تائێستا خشتەی دابەشكردنی موچەی هێزەكانمان ڕانەگەیەنراوە و لەلایەن وەزارەتی دارایشەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە، كە چی ڕۆژێك هێزەكانمان موچەیان پێدەدرێت، لەكاتێكدا چەكی وەرگرتنی موچەشمان پێدراوە".

ڕونیشكردەوە، كە مانگەكانی ڕابردوو، ئەو ڕۆژەی موچەی دیوانی وەزارەت و لیوا هاوبەشەكان دابەشدەكرا، ڕاستەوخۆ ڕۆژی دواتر موچەی هێزەكانی یەكەی 70و 80ی پێشمەرگەش دابەشدەكرا، بەڵام نازانرێت بۆ ئەم مانگە كەی موچەی ئەو هێزانە دابەشدەكرێت.



PM:08:57:17/07/2017