مەلا بەختیار وردەکاریی دیدارەکانی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی تاران ئاشكرا كرد
پاش نیوەرۆی ئەمرۆ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایهتی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ، لە ڕێگهی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی سلێمانی، گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان.
مەلا بەختیار، بهرپرسی دهستهی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه ئهندامی شاندهكه بوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند :" لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە، بەفەرمی بانگھێشتی تاران و ئێمهش بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسووڵ عەلی، گەشتەکەمان ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران چوار کۆبوونەوەی فەرمیمان ئەنجام دا".
ئاشكرای كرد، كه لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکاندا بەشێوەیەکی ھەمەلایەنە باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق و دۆخی ناوچەکە و نیگەرانیەکانی نەتەوەی کوردمان کردووە.
مهلا بهختیار، گوتیشی :" دوای کۆبوونەوەکان، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری خۆیان لەسەر تەوەری گفتوگۆکان بە ئێمە ڕاگەیاندووە".
ههروهها وتی :" بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە، ئێمە لە کۆنگرە نێونەتەوەیەکاندا لە دۆخی عێراق و لە شەڕی دوای داعش وەکو میلەتی کورد دڵنیا نین، بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم ڕێگای زەمانی ئایندەی میلەتەکەمانە، ئەو پرسە بەتەنھا بڕیاری لایەنێکی سیاسی دیاری کراو نییە، بەڵکو بڕیای ھەموو حیزبە کوردستانیەکانە بەبێ جیاوازی، كه نزیکەی ١٥ حزب لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کۆ بووینەتەوە و ھەمووی پاڵپشتی لەو پرسە نیشتمانیە دەکەن".
بهرپرسی دهستهی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، جهختی كردهوه، كه :" لە کۆبوونەوکەدا ئەوەمان بۆ بەرپرسانی ئێران ڕوونکردەوە، ئێوە چۆن حساب بۆ سیاسەتی خۆتان له عێراق دەکەن، بێگومان ئێمەش وەک میلەتی کورد بیر لە چارەنووسی خۆمان دەکەینەوە".
PM:07:39:18/07/2017