باندێكی گەورەی لەشفرۆشی لە هەولێر دەستگیركرا

باندێكی لەشفرۆشی لە گەڕەكی عەینكاوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: "لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و لە هەر شوێن لەشفرۆشی هەبێت ڕێگری لێ دەكەن".

ئەمڕۆ سێ شەممە پۆلیسی هەولێر باندێكیان لە گەڕەكی عەینكاوەی شاری هەولێر دەستگیركردووە، كە لە 11 ئەندام پێكهاتبوون و لەلایەن ژنێكی عەرەبەوە سەرپەرشتی كراون.

بەپێی زانیارییكان زۆربەی لەشفرۆشەكان عەرەب و ئێرانین و ئەوەیشی ئەمڕۆ دەستگیركراون عەرەبن و هەندێكیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیەوەیە.

لەمبارەیەوە  بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەو باندە دوای دەستگیركردنیان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و دەنێرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.

سەبارەت بەوەی چۆن هاتونەتە شاری هەولێرەوە، عەبدولخالق تەلعەت وتی، "وەك گەشتیار هاتونەتە هەولێر و لە سلێمانیش هەن و وەك گەشتیار خۆیان دەناسێنن و دواتر كاری لەشفرۆشی دەكەن".

ناوبراو لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەوەیشی خستەڕوو، بەپێی یاسا لەشفرۆشی ڕێگەپێدراو نیە و هەر كەسێك زانیاریان بداتێ‌ لەسەر باندی لەشفرۆشی ڕێگری دەكەن و دەیاننرێتەوە بۆ شوێنی خۆیان.



PM:10:38:18/07/2017