بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان 250 کارمەند بەگرێبەست دادەمەزرێنێت

 

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، داوای دامەزراندنی (250) كارمەندی نوێ بەشێوەی گرێبەست دەكات و لەماوەی داهاتوشدا بڕیاری كۆتایی لەسەر دامەزراندنی ئەو كارمەندانە دەدرێت.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی میدیا" کەوتووە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بەنوسراوی فەرمی داوای دامەزراندنی (500) كارمەندی گرێبەستی كردووە بۆ خزمەتكردنی ئەو باخچە نوێیانەی دروستكراون، بەڵام ژمارەكە كەمكراوەتەوە بۆ (250) كارمەند.

بەپێی زانیاریەکان بەنوسراوێكی فەرمی كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە ئاڕاستەی باخچەکان  كراوە لەلایەن هەردوو وەزارەتی شارەوانی و داراییەوە داوای لێكراوە، ژمارەی باخچەكان و كارمەندەكانیان چێك بكەن و رەوانەی شارەوانی بکرێتەوە.

چێككردنەکەش بۆئەوەیە بەراورد لەنێوان ژمارەی باخچە و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بکرێت و ئەگەر پێویست بێت ئەوكاتە رەنگە رەزامەندی بدەن لەسەر دامەزراندنی كارمەندی نوێ و لەدوای بەراوردکاریەکە بڕیاری تەواو لەسەر دامەزراندنی ئەو کارمەندانە دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی (750) كارمەندی گرێبەستی هەیە، ئەگەر ئەو (250) كارمەندەشی بۆ دابمەزرێنرێت دەبێت بەهەزار كارمەندی گرێبەست.



PM:01:46:21/07/2017