نوێترین لێدوانی حکومەت لەبارەی موچەی فەرمانبەران بڵاودەبێتەوە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەبونی پارەی کاش لەبانکەکان و دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، "لەئەنجومەنی وەزیران قسە لەبارەی موچەوە نەکراوە".

دواکەوتنی موچەی مانگی ئایار شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت و چەند سەرچاوەیەک هۆکارەکەی بۆ نەبونی پارەی کاش لەبانکەکان و کێشەی ڕاکێشانی پارەی نەوت لەھاڵک بانک دەگێڕنەوە.

سەبارەت بەو پرسە سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە "تەواوی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە لەبارەی نەبونی پارەی کاش لەبانکەکان و بەھۆیەوە نەدانی موچەی مانگی ئایار سەرجەمیان ناڕاستن".

ئەوەشی ڕونکردەوە، تائێستا ئەو پرسانەی لەمیدیاکانەوە بڵاوبونەتەوە، بەھیچ شێوەیەک لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم باسیان لێوەنەکراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوەکراوە، لەکۆبونەوەی ھەفتەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزیراندا وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندوە، ناتوانێت موچەی فەرمانبەران دابینبکات، پێشتریش بەڕاپۆرتێکی نھێنی ئەنجومەنی وەزیرانی لەم کێشەیە ئاگادارکردۆتەوە.

لەوبارەیەشەوە سەفین دزەیی ڕەتیکردەوە دارایی ھیچ ڕاپۆرتێکی نھێنی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردبێت کە موچەی فەرمانبەرانی پێنادرێت، وتەبێژەکەی حکومەت وتی "ئەوە ڕاست نییەو ھیچ ڕاپۆرتێکی نھێنیش بونی نییە".



PM:01:12:22/07/2017