کاندیدەکانی سلێمانی پۆستە سەرەکیەکانی گۆڕان پڕدەکەنەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕاندا سێ پۆستی دیار یەکلاکرانەوە کە هەر سێ کەسە هەڵبژێردراوەکە خەڵکی سلێمانین و دوان لەوانەش پۆستەکانی پێشویان وەرگرتەوە.

لەو کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ ی تەموز لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی سازکرا، سێ هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆک و جێگر و سکرتێری جڤاتی گشتی هەڵبژێردران.

هەریەکە لە د. رەوف عوسمان کە پێشتریش سەرۆکی جڤاتی گشتی بوو بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، هەروەها ساڵح ژاژڵەیی وەک جێگری سەرۆک و دڵخواز قادریش وەک سکرتێری هەڵبژێردرا.

هەر سێ هەڵبژێردراوەکە خەڵکی شاری سلێمانین و هیچ هەڵسوڕاوێکی گۆڕان لە شارەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا نەیانتوانی ئەو پۆستانە وەربگرن.

لەسەر ئەو پرسە "سپی میدیا" پەیوەندیکرد بە چەند هەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەڵام بە بیانوی جیاواز ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو پرسە بکەن.

هاوکات بڕیارە ڕۆژى سێشەممە جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەرى گشتى و ئەندامانى خانەى ڕاپەڕاندن هەڵببژێردرێن و تا سبەینێش خۆکاندیدکردنى هەڵسوڕاوانى گۆڕان بۆ ئەو پۆستانە بەردەوام دەبێت، بەپێی پێشبینیەکانیش پۆستی ڕێکخەری گشتی هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی وەریدەگرێت.



PM:02:35:22/07/2017