ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ڕادەگەیەنرێت

بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕابگەیەنرێت و تا ئێستاش بە فەرمی وەزارەتی پەروەردە هیچ وادەیەکی بۆ دیارکردنی ئەنجامەکان بڵاو نەکردووەتەوە.

ماڵپەڕی خەڵک بڵاویکردووەتەوە لە ئێستادا هاتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی ئەستەمە، چونكە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو كۆتایی بە تاقیكردنەوەی پشەییەكان و بازرگانیەكان هاتووە، بۆیە تا كاتی هاتنەوەی ئەنجامەكان كاتێكی دەوێت.


ئەو ماڵپەڕە لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە "هاتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی ناگاتە مانگی داهاتوو، لەم مانگەدا ڕادەگەیەنرێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان".

پێشتریش بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند کە تەنیا چەند وردەکارییەک ماوە بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن و لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئەنجامی پۆلی ١٢ش ڕادەگەیەنێت.

بەڕێوەبەری ئەزموونە گشتییەکان، وتووشیەتی " پێش کۆتایی ھاتنی مانگی 7ی 2017 ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین".

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەفتەی ڕابردوو لە شارۆچكەی كەلار، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاشكرای كرد، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی تا كۆتایی ئەم مانگە ڕادەگەیەنن پێش ئەوەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ ساز دەكرێت.



 



AM:09:57:23/07/2017