حەکیم حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت

عەمار حەکیم، جیابوونەوەی خۆی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق راگەیاند و رەوتێکی نوێی سیاسی بەناوی " رەوتی حیکمەی نیشتمانی" دامەزراند.

عەمار حەكیم لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند" رەوتی حیکمەی نیشتمانی عیراق، پردێكە بۆ پەیوەندی نەك گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ هەموو عێراقییەکان کارد دەکات". 

حەكیم لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد كە كار دەكەن بۆ دەركەوتنێكی سیاسی نوێ و هەڵبژاردنەكان بە ناونیشانی كۆكردنەوەو گشتگیر ئەنجام دەدەن.

عەمار حەکیم لە بەشێکی تری وتاری راگەیاندنی حیزبەکەیدا، وتی "ئەمڕۆ عێراق خواسستێكی زۆری هەیە بەرەو گۆڕانكاری راستەقینە، لەپێناو دەرچوون لەو حاڵەتی نائومێدی و بێهیواییەی كە خەڵكی تیادایەو،  تێپەڕاندنی كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەی كە هاوڵاتی عیراقی ماندوو كردووە ".

عەمار حەكیم ساڵی 1971 لە نەجەف لەدایكبووەو، كوڕی عەبدولعەزیز حەكیم-ی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عیراقەو، كوڕەزای ئایەتوڵا موحسین حەكیم-ی مەرجەعی ئایینی عیراقە. حەكیم ساڵی 2009 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراقی لەئەستۆ گرت، هەروەك دامەزرێنەری دامەزراوەی " شەهیدی میحراب"ە كە چەندین چالاكی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی هەیەو نزیكەی 70 لقی لە پارێزگاكانی عیراقدا هەیە.

حەکیم بەیەکێک لەو سەرکردە عێراقییانە ناسراوە کە دۆستایەتیەکی باشی لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا هەیە.



AM:09:52:25/07/2017