"لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا 2500 هاوڵاتی هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە"


شەپۆلی كۆچكردن بەرەو ئەوروپا دەستی پێكردۆتەوە و سكرتێری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپاش دەڵێت "لەدوای جەژنی ڕەمەزانەوە 2500 هاوڵاتی لەڕێگەی فڕۆكەخانە و خاڵە سنوریەكانەوە كۆچیان كردووە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا".

لە ئێستادا شەپۆلێكی تری كۆچكردن بۆ وڵاتانی ئەورووپا دەستی پێكردۆتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و خێزانەكان لەڕێگەی وڵاتی توركیاوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا كۆچ دەكەن.
سروە عەزیز، خەڵكی ڕانیەیە و خۆی و هاوسەرەكەی مامۆستای هونەرن، بڕیاریانداوە كۆچبكەن و هەرێم جێبهێڵن سروە دەڵێت خراپی ژیان و گوزەران و قەیرانە دەستكردە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم ئەوانی ناچار بەم بڕیارە كردووە.
هاوشێوەی ئەوان ژمارەیەكی زۆر  گەنج و خێزان  بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە و ڕێگەی هاتوو نەهاتیان گرتۆتە بەر گەنجان هۆكاری كۆچكردنەكەیان بۆ بێكاری و خراپی ژیان و قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێم و باردۆخی سیاسی و ئابووری دەگێرنەوە دەشڵێن "دەسەڵات خەمساردە لەبەرانبەر كۆچی گەنجان و بۆتە پاڵنەریان بۆ بەجێهێشتنی نیشتمان".

بەكر بنگردی، سكرتێری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "كۆچكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەورووپا ڕوو لەزیادبوونە، لەدوای جەژنی ڕەمەزانەوە 2500 هاوڵاتی لەڕێگەی فڕۆكەخانە و خاڵە سنوریەكانەوە كۆچیان كردووە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا".
سكرتێری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەشداوە بەپێی ئامارەكە پشكی شێری ئەم كۆچكردنە بەر دەڤەری ڕاپەرین دەكەوێت، بەجۆرێك كە "نزیكەی 700 هاوڵاتی لە دەڤەرەكە كۆچیان كردووە ئەمە جگە لەوەی چەندانی تر بەنیازی كۆچكردنن".

قاچاخچیەكی ڕێگەی ئیتاڵیاش كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "سپی" وت "لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر خەڵكی باشوری كوردستان لە ئیستەنبوڵن و دەیانەوێت لەرێگای دەریای ئیجەوە بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا".

ئەو قاچاخچیە ئاماژەی بەوەشدا ماوەی دوو هەفتە دەبێت بەهۆی خراپی كەش و هەوا و شەپۆلی دەریاوە ناتوانرێت لەڕێگەی دەریاوە هیچ كەسێك بەرەو ئیتاڵیا بەڕێبكرێت، وتیشی "چاوەڕێ دەكرێت لە هەفتەی داهاتووەوە كەش و هەوا ئاسایی ببێتەوە و كۆچبەران ڕەوانە بكەن".

هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ هاتنی جەنگی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی بەهەزاران گەنج و خێزان هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە، بەپێی ئامارە نافەرمیەكانیش لەڕێگای  گەیشتن بەوڵاتانی ئەورووپا نزیكەی 250 كەس لەدەریای ئیجە و ڕێگاكانی تر گیانیان لەدەستداوە تا ئێستاش تەرمی بەشێكیان نەدۆزراوەتەوە.

خالید ئەحمەد



PM:02:24:26/07/2017