"ئەگەری هەیە وادەی ریفراندۆم دوابخرێت"

هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسەكانی هەرێم دەستپێدەكاتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش ڕایدەگەیەنێت "ئەگەری هەیە وادەی ریفراندۆم دوابخرێت".

وەحیدە یاقو، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە "لە هەفتەی داهاتووەوە چەند كۆبونەوەیەكی گرنگ لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی و گۆڕان ئەنجامدەدرێت، ئێمەش چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو كۆبونەوانەین بۆئەوەی ڕێكەوتنێكی سیاسی بێتە ئاراوەو بڕیارێك لەسەر ریفراندۆم بدرێت".

ناوبراو وتوشیەتی "ئەگەری هەیە ئەنجامی كۆبونەوەكان ئەرێنی بن و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری لەئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بكەن".

سەبارەت بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە و داخوازی بەشێكی زۆر لەلایەنەكان بۆئەوەی ریفراندۆم لەگەڵ هەڵبژاردندا لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، وەحیدە یاقو ئاشكرایكردووە "ئەگەری هەیە پرۆسەكە دوابخرێت، هەرچەندە تائێستا بەڕەسمی هیچ شتێك نەوتراوە، بەڵام دەكرێت بەڕێكەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بڕیاری كۆتایی و گشتگیر بدرێت".



PM:08:00:27/07/2017