شاسوار عەبدولواحید: هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەنگی نەخێر زۆرینە بێت

شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا جارێکی دیکە لەبارەی ڕیفراندۆمەوە هاتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت "هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەنگی نەخێر زۆرینە بێت".

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ڕونکردنەوەی بڵاوکردەوە و وردەکاری ئەو کەمپینە دەخاتەڕوو کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕایدەگەیەنێت.

دەقی ڕونکردنەوەکە

راستکردنەوەیەک :

زۆرێک دەڵێن ئەو جوڵانەوەیەی کە دروست دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا جوڵانەوەیەکە کە کەمپین دەکەن بۆ (نەخێر بۆ ریفراندۆم)، کە لە راستیدا وا نییە .

ئەو جوڵانەوەیە بە هەموو شێوەیەک و لە ژێر هەر ناونیشان و ناوێکەوە بێت ریفراندۆم رەت دەکاتەوە لە ئێستادا ، وە پێی وایە کە ئەگەر ریفراندۆم لە ٢٥ی مانگی ٩ ئەنجام بدرێت ئەوا شەرێکی نەخوازراو یەخەی هەرێمی کوردستان دەگرێت و منداڵی فەقیر و هاوڵاتی ئەم وڵاتە شەهید دەبن و هیچ وڵاتێکی زلهێزی دۆستی کورد بەرگری لە هەرێمی کوردستان و ئەزمونی ٢٦ ساڵی رابردو ناکات ، ئەمە جگە لەوەی فەقیری و نەهامەتی و برسێتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت .

بۆیە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت ئەوا ئەو جوڵانەوەیە هانی خەڵکی دەدات کە بە هەموو توانای خۆیانەوە بەشداری ریفراندۆمەکە بکەن و بە "نەخێر" لە ئێستادا دەنگ بدەن ، وە هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەنگی "نەخێر" زۆرینەی دەنگی ریفراندۆمەکە بێت .

لە ئێستا بەشێکی زۆر لە حیزب و گروپ و کەسایەتییەکان خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە لادەدەن و جورئەتی ئەوەیان نییە کە بە دەنگی بەرز راستی بابەتەکان بۆ خەڵکی رون بکەنەوە و لە هاوڵاتی تێبگەێنن کە توشی چی دەبن لە حاڵەتی دەنگدان بە بەڵێ , وە تەنها باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکەن , بی ئەوەی کەمپینی بەرامبەریان هەبیت بە دەنگدان بە  "نەخێر " !!! هەر بۆیشە تاکە خیتابی سیاسی و خیتابی زەق لە هەرێم خیتابی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، کە بە نیازە لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و لە پێناو دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان ، هەستێت بە روبەروکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شەرێکی تری نەخوازراو و بە کوشتدانی رۆڵەی خەڵکی ، چونکە سەرکردایەتی کورد و خودی بارزانی پێویستیان بە شەرێکی ترە پاش تەواو بونی شەری داعش .

وەک هاوڵاتیەک و کەسێک کە زانیاریەکی دروست و دەقیقم لایە ، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەم کارە هەڵدەستم و ناهێڵم خەڵكی وڵاتەکەم بکوژرێن و ژیانیان تێک بچێت ، بۆیە هەر کەسێک ، هەر لایەنێک ، هەر گروپ و کەسایەتییەک پشتگیری لەو جوڵانەوەیە و ئامانجەکانی جوڵانەوەکە و کەمپینی دەنگدان بە "نەخێر لە ئێستادا " نەکات ، ئەوا رازییە بە ریفراندۆم و چارەنوسی خەڵکی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی لە دوای ٢٥/٩ لە ئەستۆی ئەو کەسایەتی و لایەنانەیە .

شاسوار عەبدولواحید    ٢٧/٧/٢٠١٧



PM:08:15:27/07/2017