سەعدی پیرە: سەبارەت بە ڕیفراندۆم هەوڵێکی دیکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەین

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، هەوڵێکی دیکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن، بەوەی کۆتا بۆچوونیان بزانن سەبارەت بە ڕیفراندۆم، چونکە ئەوان دژی ڕیفراندۆم نین و پێیان باش نییە لە ئێستادا.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموکرات ڕایگەیاند "ئێران پێی باش نییە لە ئێستادا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، لەسەرەتاشدا ئێران زانیارییەکانی یەک لایەنە بووە و کۆبوونەوە و پرسی نەکردووە سەبارەت بە پرۆسەکە، بۆیە هەوڵێکی دیکە لەگەڵ ئێران دەدرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "وەفدی یەکێتی لە ئێران وتویەتی بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیاری لایەنە سیاسییەکانە و ئێوەش ئەگەر تێبینی و بۆچونتان هەیە دەیدەینە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی "ئێستاش بە گرنگی دەزانین کە ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و بۆ ئەوەش وەفدت درووست بکرێت سەردانی وڵاتانی ناوچەکە بکات".

سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم سەعدی ئەحمەد پیرە وتی "لەماوەی ١٥ ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەکان ئەنجامی باشی دەبێت و ئێستا پارتی و گۆڕان پێویستیان بە نێوەندگیری نییە، خۆیان ڕاستەوخۆ دانیشتن دەکەن سەبارەت بە کێشەکان".

وتیشی "کاراکردنەوەی پەرلەمان مەرجی تێدا نەماوە و بێ مەرج کارا دەکرێتەوە و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کۆبوونەوەکان ئەنجامێکیان دەبێت".

بڕیارە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ و جیهان پێیان باش نییە لەم کاتەدا ڕیفراندۆم بکرێت و پێیان وایە کە کێشەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.



PM:01:58:28/07/2017